لەسەر دەستکاریکردنی بودجە سەرۆکی بەرازیل لە پۆستەکەی دورخرایەوە

لەسەر دەستکاریکردنی بودجە سەرۆکی بەرازیل لە پۆستەکەی دورخرایەوە
لەسەر دەستکاریکردنی بودجەی ئەو وڵاتە پەرلەمانی بەرازیل بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە دورخستنەوەی سەرۆکی بەرازیل لە پۆستەکەیدا.

دیلما ڕۆسێف سەرۆکی بەرازیل ماوەی ١٣ ساڵە سەرۆکی حزبەکەیەتی و لە ساڵی ٢٠١١ ەوە سەرۆکی بەرازیلە و ئەو تۆمەتانەشی ڕەتکردووەتەوە کە دراونەتە پاڵی، بەڵام بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێ و بە ٦١ دەنگی "بەڵێ" و ٢٠ دەنگی "نەخێر" پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەیی دورخستەوە.

بڕیارە مایکڵ تێمەر بە وەکالەت ماوەی سەرۆکایەتیەکەی ڕۆسێف تەواو بکات کە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ کۆتایی دێت، بڕیارە تێمەر هەر ئەمڕۆ سوێندی یاسایی بخوات.

لە مانگی ئایارەوە ڕۆسێف تۆمەتبارکراوە و لە پۆستەکەیدا هەڵپەسێردراوە، ڕۆسێف تۆمەتبارکرابوو بەوەی کە یاری بە بودجە کردووە کە ئەوەش بەگوێرەی یاسای بەرازیل نایاسایی بووە.

دیلما ڕۆسێف لە ساڵی ١٩٤٧ دا لەدایکبووە، باوکی لە بولگاریاوە کۆچیکردووە بۆ بەرازیل و لە ساڵی ١٩٦٤ دا چووەتە ناو بزوتنەوەی باڵی چەپ دژی دیکتاتۆریەتی سوپای بەرازیل کە لە دەسەڵاتدا بوون، لە ساڵی ١٩٧٠ دا دەستگیردەکرێت و بۆ ماوەی ٣ ساڵ زیندانی کراوە، لە زینداندا ئەشکەنجە دراوە و کارەبایشی لێدراوە.

لە ساڵی ٢٠١١دا وەکو یەکەم سەرۆکی ئافرەتی بەرازیل سوێندی یاسایی خواردووە، لە ساڵی ٢٠١٤ دا و بۆ خولی دووەم وەکو سەرۆک هەڵبژێردراوەتەوە، ئەمڕۆ ٣١ی ئابی ٢٠١٦ لە پۆستەکەی دورخرایەوە.

ڕۆژی ٢٩ی ئاب لەکاتی بەرگریکردن لە خۆیدا ڕۆسێف ووتی "لەو ڕۆژەی کە وەکو سەرۆک هەڵبژێردراوم، هەندێک هەوڵ هەن بۆ ناجێگیرکردنی حکومەتەکەم. هەروەها ئێوەش (پەرلەمان) بە شێوەیەکی سیستماتیکی تۆمەتم دەخەنە پاڵ".
ڕۆسێف وتووشیەتی، بۆیە لە پۆستەکەی دووری دەخەنەوە چونکە لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکی گەورە دەکات کە زۆر لە سیاسییەکان تیایدا بەشداربوون.
NRT -
Top