ئێران و رووسیا هۆشدارییان دایه تورکیا

ئێران و رووسیا هۆشدارییان دایه تورکیا
سەبارەت به هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، ئێران و رووسیا هۆشداریان دایه تورکیا.



"بەهرام قاسمی" گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانیی ئێران سەبارەت به بەردەوام بوونی هێرشەکانی تورکیا بۆناو خاکی سووریا، رایگەیاند: "بەبیانووی شەڕی دژه تیرۆر، پێشێل کردنی سەروەریی سیاسی و لاواز کردنی حکومەتی ناوەند، به هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێت."



قاسمی راشیگەیاند، سەروەریی سیاسی و یەکپارچەیی و شەرعییەتی حکومەتی سووریا دەبێت لەلایەن هەموو وڵاتان رێزی لێ‌بگیرێت و نابێت حکومەتی سووریا له شەڕی دژی تیرۆر لاواز بکرێت.



گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوه: "ئەگەر چی شەڕی دژی تیرۆر و هەوڵدان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکه، بنەمای نەگۆڕی وڵاتانی ئاشتی‌خوازی ناوچەکەیه، بەڵام ئەمه رێگەنادات یەکپارچەیی وڵاتێک پێشێل بکرێت."



حکومەتی رووسیاش سەرەڕای هۆشداری داوای له بەرپرسانی تورکیا کرد، هێرشەکانیان بۆ سەر "یەکینەکانی پاراستنی گەل" لەناو خاکی سووریا رابگرن.



ئەمه له بەیاننامەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هاتبوو.



چەند رۆژ لەمەوبەریش ئەمەریکا سەبارەت بەم هۆشداریی دابوو گوتبووی، هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان قەبووڵ ناکرێت و دەبێت به زووترین کات رابگیرێت.
PAYAMNER -


Top