پۆلیسى تورکیا هێرشى کردە سەر ماڵى ٢٤ ڕۆژنامەنووسى ئازادیا وڵات
ئەوەش لە کاتێکدایە، هێزەکانى پۆلیسى تورکیا ڕۆژى ٢٨ى ئابی ٢٠١٦ و سێ ڕۆژ لەوە پێش، هێرشیان کردبووە سەر بیناى سەرەکیى ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات لە شارى ئامەدى باکوورى کوردستان و ٢٧ ڕۆژنامەنووسی ئامادەبووى ناو بیناى ڕۆژنامەى ئازادیا وڵاتیان دەستگیرکرد، کە سێ کەس لەو ڕۆژنامەنووسانە ڕۆژنامەنووسى ئازادیا وڵات نەبوون و بەسەردان لە بیناى ڕۆژنامەکەدا بوون.
دواتر هێزەکانى پۆلیسى تورکیا هۆکارى هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات و دەستگیرکردنى ٢٤ ڕۆژنامەنووسى ئەو ڕۆژنامە کوردییەیان بۆ ئەوە گەڕاندبووە، کە کەسانى زۆر سەردانى بیناى ڕۆژنامەکە دەکەن و جموجوڵ بۆ ناو بیناى ڕۆژنامەکە زیادیکردووە.
ئەو دەستگیرکردن و هێرشانەى پۆلیسى تورکیا لە کاتێکدایە، زەینەل عابدین بولوت سەرنووسەرى ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات ڕۆژی ٢٥ى حوزەیرانى ٢٠١٦ لە دەروازەى چیاى شارى ئامەد لەلایەن هێزەکانى پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکرا و تا ئێستا لە زینداندایە.
هەروەها ڕۆژى ٢٣ى تەمووزی ٢٠١٦ هێزە ئەمنییەکانى تورکیا زەهرا دۆغان سەرنووسەرى ئاژانسى هەواڵی ژن (ژنها)یان لە شارى مێردینى باکوورى کوردستان دەستگیرکرد و تا ئێستا زینداندایە.
لە بەردەوامیى گوشارەکانى حکومەتى تورکیا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانى کورد لە باکوورى کوردستان ڕۆژی ١٦ى ئابی ٢٠١٦ هێزەکانى پۆلیسى تورکیا هێرشیان کردە سەر بیناى ڕۆژنامەی ئوزگور گیوندەم و ٢٣ ڕۆژنامەنووسی ئەو ڕۆژنامەیەیان دەستگیرکرد و ڕۆژنامەکەش بە بڕیارى بە بڕیارى لقى هەشتى دادگاى سزاکانى شارى ئیستانبول داخرا.
ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات
لە ٢٢ى شوباتى ١٩٩٢ لە شارى ئیستانبولى تورکیا و لەلایەن هەر یەک لە موسا عەنتەر (ئاپێ موسا)، حوسێن سانجک و زوبەیر ئایدار و ژمارەیەک کەسایەتى و ڕۆشنبیرى ترەوە هەفتەنامەى وڵات دامەزرا.
لە تشرینى دووەمی ساڵى ١٩٩٤ کاتێک لەلایەن حکومەتى تورکیاوە هەفتەنامەى وڵات داخرا، ستافەکەى بە ناوى وڵاتى مە (وڵاتى ئێمە) درێژەى بە چاپ و بڵاوکردنەوەى خۆیدا تاوەکو ساڵى ١٩٩٥.
لە ساڵی ١٩٩٦ەوە ناوى هەفتەنامەى وڵاتى مە گۆڕدرا بۆ ئازادیا وڵات و لە ساڵى ٢٠٠٣ بارەگاى هەفتە نامەى ئازادیا وڵات گواسترایەوە بۆ شارى ئامەدى باکوورى کوردستان.
لە دواى دەرکردنى ٥٥٤ ژمارە و ١٤ ساڵ کارکردن بەشێوەى هەفتانە لە ساڵى ٢٠٠٦ ناوى هەفتەنامەى ئازادیا وڵات ڕۆژى ١٥ى ئابى ٢٠٠٦ەوە بەشێوەى ڕۆژانەى دەستى بە چاپ و بڵاوکردنەوە کرد.
لە ماوەى سێ مانگدا لە دواى بە ڕۆژانەبوونى، بە تۆمەتى ئەوەى بە زمانى کوردى پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە دەکات ٢٠ سکاڵاى لە دژى ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات کرایەوە و حەمدوڵا یەڵمازى سەرنووسەرى ئازادیا وڵات دەستگیرکرا و لەلایەن چوارەمین دادگاى سزا قورسەکانى ئامەدەوە سزاى چوار ساڵ و سێ مانگ زیندانیى بەسەردا سەپێنرا.
لە دواى حەمدوڵا یەڵماز، ئەمینە دەمیر بوو بە سەرنووسەرى ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات. ئەمینە دەمیریش لە ساڵى ٢٠١١ لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنى کەجەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاو دەستگیر و زیندانى کرا.
تیراژى ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات نزیکەى ٣٠ هەزار دانەیە و زیاتر لە ١٠ هەزار ئابونەى هەیە و بەشێوەى ڕۆژانە چاپ دەکرێت و بە هەموو شارەکانى باکوورى کوردستان و ئەو ناوچانەى تورکیادا کە کورد تیایدا نیشتەجێن بڵاو دەکرێتەوە.
ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات تاکە ڕۆژنامەى کوردییە کە لە باکوورى کوردستان و تورکیا بەشێوەى ڕۆژانە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
دۆخى ئازادیى ڕۆژنامەنووسى لە تورکیا
لە کاتى دەستپێکردنەوەى شەڕى نێوان پەکەکە و سوپاى تورکیا لە ٢٤ى تەمووزی ٢٠١٥ەوە تاوەکو مانگى ئایاری ٢٠١٦ حکومەتى تورکیا ٣٨ جار ماڵپەڕى ئاژانسى هەواڵى دیجلەى ڕاگرت و ١٢ ڕۆژنامەنووسى ئەو ئاژانسەى دەستگیر و زیندانیکرد.
ڕۆژنامەى جمهوریەت ڕۆژى ٢٩ى ئایارى ٢٠١٥ ژمارەیەک فۆتۆ و گرتەی ڤیدیۆیى بڵاوکردەوە، کە هێزەکانى سوپاى تورکیا و لە سنوورى پارێزگاى ئەدەنە چەک و تەقەمەنى بە چەکدارەکانى داعش لە سوریا دەدەن.
ئەوەش بووە هۆى ئەوە لە لە کۆتایى ساڵى ٢٠١٥دا جان دۆندار سەرنووسەرى ڕۆژنامەى جمهوریت و ئەردەم گیول بەرپرسى نووسینگەى ئەو ڕۆژنامەیە لە شارى ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا بە تۆمەتى "سیخوڕیکردن و بڵاوکردنەوەى نهێنیى سەربازی" و بە بڕیارى جێگرى داواکارى گشتیى ئیستانبول لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.
ڕۆژى ٤ى ئازارى ٢٠١٦ بەپێى بڕیارى یەکێک لە دادگاکانى ئیستانبول کۆنترۆڵى ڕۆژنامەى زەمان کەوتە دەست حکومەت. ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتى لێکەوتەوە و پۆلیس هێزى بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران.
لە چوارچێوەى پێشهاتەکانى پەیوەندیدار لە ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕۆژى ٢٨ى شوباتى ٢٠١٦ لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە بڕیارى دادگاى باڵاى دەستوورى بۆ ئازادکردنى دوو ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاندبوو "نە بڕیارەکە قبوڵ دەکەم و نە ڕێزى لێدەگرم و نە پەیڕەویى لێدەکەم".
ئەوەش لەکاتێکدایە کۆمسیۆنى ئەوروپا، کە یەکێکە لە شەش دامەزراوە گرنگ و سەرەکییەکەى یەکێتیى ئەوروپا ڕەخنەى لە تورکیا گرتبوو بۆ پێشێلکردن و سنووردارکردنى ئازادیى ڕۆژنامەنووسى و دوابەدواى ئەوەش ڕۆژى ٧ى ئازارى ٢٠١٦ فدریگا مۆگرینى بەرپرسى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتیى ئەوروپا ڕاگەیاندبوو "دەبێت تورکیا پابەند بێت بە ستاندارەکانى دیموکراسى لە ناوخۆى وڵاتەکەیدا".
هەروەها ڕۆژى ١٥ى ئەیلولى ٢٠١٥ داواکارى گشتیى تورکیا بە تۆمەتى بانگەشە بۆ تیرۆر لێکۆڵینەوەى لە دژى گروپى هەواڵى دۆغان دەستپێکردبوو.
پێش ئەوەش دهزگاى ڕادیۆ و تهلهفیزۆنى باڵاى تورکیا ڕۆژى ١٤ى ئەیلولى ٢٠١٥ بڕیارى داخستنى کەناڵى گیون تیڤیى (ڕۆژ تیڤى) دەرکرد، کە تاکە کەناڵى تەلەفزیۆنى سەرتاسەریی کوردە لە ناوخۆى تورکیا.
دوابەدواى ئەوەش فەرمانگەى چاودێریی ڕادیۆ و پەخشى تەلەفزیۆنەکانى RTÜK ڕۆژى١٥ى ئەیلول هەستاوە بە ڕاگرتنی پەخشی ١٥ میدیاى جۆراجۆر لە تورکیا کە پشتیوانییان لە کورد دەکرد.
دواى نێوەڕۆى ڕۆژی ٦ى ئایارى ٢٠١٦ جان دۆندار سەرنووسەرى ڕۆژنامەى جمهوریەت بەهۆى سکاڵایەکى دەزگاى هەواڵگریى تورکیا (میت)ەوە بانگهێشتکراوە بۆ دادگایەکى ئیستانبول و لە دواى ئەوەى دانیشتنى دادگا ناوبڕێکى وەرگرتووە. جان دۆندار هاتووەتە دەرەوەى دادگا و بەشداریکردووە لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا و لەلایەن کەسێکى چەکدارەوە تەقەى لێکراوە.
لە ئێستادا لە تورکیا زیاتر لە ٥٠ ڕۆژنامەنووس لە زینداندان کە زۆربەیان کوردن. پێشتریش حکومەتى تورکیا بڕیارى ڕاگرتن و داخستنى بۆ ژمارەیەک لە میدیاکانى کورد لە تورکیا دەرکردبوو.
تۆڕى میدیاى سەربەخۆ لە تورکیا (BİA) ڕۆژى ٢ى ئایاری ٢٠١٦ و بە بۆنەى هاتنى ڕۆژى ئازادیى ڕۆژنامەنووسیەوە ڕاپۆرتێکى لەبارەى دۆخى ڕۆژنامەنووسى لە تورکیا بڵاکردەوە و تیایدا هاتبوو، لە سێ مانگى ڕابردوودا ٢٨ ڕۆژنامەنووس و ١٠ بڵاوکەرەوەى ڕۆژنامە و گۆڤار سزاى زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە، کە ١٨ ڕۆژنامەنووسیان و هەر ١٠ بڵاوکەرەوەکە کوردن. هەروەها ١٥ ماڵپەڕ ڕاگیراون و هەواڵەکانى ٣١٢ ماڵپەڕیش سانسۆرکراون و ١٨٥ ڕۆژنامەنووسیش بێکاربون. کەسێکى چەکدار لە بەردەم دادگاى ئیستانبولدا بە چەک هێرشى کردە سەر جان دۆندار سەرنووسەرى ڕۆژنامەى جمهوریەت. بەهۆى ئەو تەقانەوە پەیامنێرى ئێن تی ڤیى تورکیا بریندار بوو. کەسە هێرشبەرکەش دەستگیرکرا.
لە بەردەوامیى گوشارەکان لە سەر ڕۆژنامەنووسان و کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و دەزگاکانى چاپ و پەخش لە تورکیادا، ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆڵى حکومەتى تورکیا ڕۆژى ٢٧ى تەمووزی ٢٠١٦ و ١٣ ڕۆژ لە دواى کودەتا سەربازییەکەى سوپاى تورکیا بڵاویکردەوە، حکومەتى تورکیا لە چوارچێوەى یاساى بارى نائاسایدا سێ ئاژانسى هەواڵ، ١٦ کەناڵى تەلەفزیۆنى، ٢٣ ڕادیۆ، ٤٥ ڕۆژنامە، ١٥ گۆڤار و ٢٦ى خانەى چاپ و بڵاوکردەوەى داخست.
NRT -
