نوێنەرێکی خامنەیی لە ئەفغانستان دەستگیر دەکرێت

 نوێنەرێکی خامنەیی لە ئەفغانستان دەستگیر دەکرێت
دەزگای هەواڵگریی ئەفغانستان نوێنەری نووسینگەی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و مەرجەعێکی عێراقیی شیعەکان دەستگیر دەکات.



سەرچاوەیەک لە حکوومەتی ئەفغانستان بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، کە قوربان غولامپوور، نوێنەری نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و عەلی سیستانی، مەرجەعی شیعەکانی عێراق لە ئەفغانستان، زیاتر لە هەفتەیەکە لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری هیرات لە رۆژئاوای وڵاتەوە دەستگیر کراوە و گواستراوەتەوە کابووڵی پایتەخت.



هەروەک سەرچاوە حکوومییەکانی ئەفغانستان باسیان کردووە، قوربان غولامپوور بە تۆمەتی ئامادەکردن و ناردنی گەنجانی شیعەی ئەفغانی بۆ بەشداری کردن لە شەڕی ناوخۆیی سووریا، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.



لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە مانگی ئاداری 2011 لە نێوان گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزیسیۆنەکان و رژێمی سووریا دەستی پێکردووە، ئێران بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی رژێمی سووریا دەکات و تاوەکو ئیستا زیاتر لە 1200 چەکداری ئێرانی لە سووریا کوژراون، کە زیاتر لە 50یان فەرماندەی باڵای سوپا و پاسداران بوون.





بەپێی زانیارییەکان، هەزاران هاووڵاتی شیعەی ئەفغانی لە ریزی لیوای "فاتمییەکان"، کە راستەوخۆ فەرماندەیی سوپای قودسی ئێرانی سەرپەرشتی دەکات، لە سوریا دەجەنگن و بەرگریی لە رژێمی سوریا و حزبوڵڵا دەکەن و ژمارەی چەکدارانی لیوای فاتمییەکان، بەپێی هەواڵی میدیا رۆژئاواییەکان، (10_12) هەزار چەکدارە.



باسنیوز
Top