نرخی نەوت دابەزی

 نرخی نەوت دابەزی
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 29-8-2016 لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا، لەبەر بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق و لێدوانی بەرپرسانی ئێران بەوەی بە مەرج بەشداری کۆبوونەوەکەی مانگی داهاتووی ئۆپێک دەبن، نرخی نەوت بەڕێژەی 1% دابەزی.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە هۆکارێکی دیکە دابەزینی نرخی نەوت بوو.

ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگی هەشت دا، بەرزبووەتەوە بۆ رۆژانە سێ ملیۆن و 205 هەزار بەرمیل کە بەرزترە لە ئاستی مانگی رابردوو.

بەرپرسانی ئێرانیش رایانگەیاندووە تەنیا بەو مەرجەی بەرهەمهێنەرانی دیکە، رازیبن بە گەڕاندنەوەی پشکی ئێران لە بازاڕی نەوتدا بۆ ئاستی پیش گەمارۆکان، ئامادەن هاوکاری ئۆپێک بکەن بۆ گەیشتن بەرێککەوتن لەسەر سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.

سەرەڕای بەرزبوونەوە بەرچاوەکانی نرخی نەوت لەسەرەتای ئەم مانگەدا، نرخی ئەو بەرهەمە ستراتژییە لە هەفتەی رابردوو بەڕێژەی 4% دابەزی.

بەپێی بازرگانانی چالاک لە بازاڕی نەوتدا، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە تایبەتی عێراق و نیگەرانی لەسەر فراوانبوونی ئەو کاڵایە، یەکێک بووە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت.

دوای لێدوانەکانی جانێت یەلەن، سەرۆکی بانکی فیدراڵی ئەمریکاش لەسەر ئەگەری بەرزکردنەوەی سووی بانکی لەو وڵاتە لە کۆبوونەوی داهاتووی بانکەکە، پێنوێنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەرزبووە و ئەوەش دواجار بووە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت.

بانکی بارکلیزیش رایگەیاند؛ بازاڕی نەوت کۆبوونەوەکەی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک کە مانگی داهاتوو لە جەزائیر بەڕێوەدەچێت بە جددی وەنەگرتووە، لەبەر لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێران بەوەی مەرجیان هەیە رازیبن بە سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.


رووداو-
Top