جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا: بۆ داگیركردن لەسوریا نینو لەوێ نامێنینەوە
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نومان قورتولموش جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند توركیا دەوڵەتێكی داگیركەر نییەو بۆ شەڕ نەچووەتە باكوری سوریاو ئامانجیان نییە هێزەكانیان بەشێوەیەكی هەمیشەیی لەخاكی سوریا بمێننەو تەئكیدیشی كردەوە توركیا نەكەوتووەتە ناو هیچ شەڕێكو ناكەوێتە ناوی.
چوارشەممەی رابردوو سوپای توركیا سنوری سوریای بەزاندو لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی فورات" چەكدارانی سوپای سوریای ئازادی ئۆپۆزسیۆن بەپاڵپشتیو بەشداری هێزەكانی توركیا توانییان شارۆچكەی جەرابلوس لەدەست داعش دەربهێنن.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش شەڕو پێكدادان لەنێوان سوپای توركیاو شەڕڤانان دەستیپێكرد، دوای ئەوەی سوپا هێرشی كردە سەر گوندی عمرانەو چەند گوندێكی دیكەی باشوری جەرابلوس.
"سوپای توركیا لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەك بێدەنگ نابێتو با هەركەسێك ئاگای لە هەنگاوەكانی بێتو ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكەش پاكردنەوەی ئەو ناوچانەیە لە داعشو رێگریكردنە لە تەواوكردنی ئەو راڕەوەی پەیەدەو یەپەگە(مەبەست گەیاندنی كۆبانیو عەفرین بەیەك لەرۆژئاوای كوردستان)و ئەگەر ئەمە ببێت واتای دابەشكردنی سوریایە" نومان قورتولموش وادەڵێت.
جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا تەئكیدی كردەوە كە دەبێت پەیەدە لەمەنبەج بكشێتەوە، وتی"ئەگەر هەمو ئەو ناوچانە بكەوێتە ژێر دەستی پەیەدە، سوریا دابەش دەبێتو ئێمەش لەگەڵ یەكگرتوویی خاكی سوریاداین".
ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا(پنتاگۆن) ڕایگەیاند شەڕەكانی باشوری جەرابلوس لە نێوان هێزەكانی توركیا و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای نزیك لەو وڵاتە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات بە هەماهەنگی ئەمریكا نەبووە و قبوڵكراو نین.
هاوكات برێت ماكگۆرك، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش لە ئەكاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لەزاری پیتەر كوك، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە سەبارەت بە شەڕی جەرابلوس بڵاویكردۆتەوە "چاودێری راپۆرتەكانی گورزی ئاسمانی و شەڕەكانی باشووری جەرابلوس دەكەین لەنێوان هێزەكانی توركیا و هەندێ گروپی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا لەلایەك لەگەڵ یەكەكانی سەربە هێزەكانی سوریای دیموكرات."
لەسەر لێدوانەكەی برێت ماكگورك، جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا وتی"ئەمریكا بەڵێنیداوە بە ئێمە كە نابێت پەیەدە لە رۆژئاوای فورات بوونی هەبێت و چاوەڕێین ئەمریكا كاریگەری خۆی لەسەر پەیەدە بەكاربهێنێت".
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ئاشكرایكردووە "پێمانوایە ئەم شەڕانە-لەو ناوچانەی كە داعشی لێ نین- قبوڵكراونین و سەرچاوەیەكی نیگەرانی قوڵن."
جەختیشدەكاتەوە، ئەمریكا لەو چالاكیانەدا تێوەنەگلاوە، ئەو شەڕانە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمریكییەكان ئەنجام نەدراون و "ئێمە پشتیوانی لێ ناكەین."
خەندان –
