ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕی یەپەگە و سوپای تورکیا ئاشکرا دەکات

 ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕی یەپەگە و سوپای تورکیا ئاشکرا دەکات
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی شەڕی نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سقپای تورکیا لە باکووری سووریا، ئاشکرا دەکات.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، کە رۆژ دووشەممە 29ـی ئابی 2016 رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) باوی کردووەتەوە، پنتاگۆن رایگەیاندووە، کە بە شەڕەکە نیگەرانن و داوا دەکەن، هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی رێکخراوی توندڕەوی داعش بەرفراوانتر بکرێن.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا داوای لە یەپەگە و سوپای تورکیا کردووە، کە کێشەکانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن و بەڵێنیشی داوە، کە ئەمریکا لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ، هاوکار دەبێت.

دوای راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی ”قەڵغانی فورات“ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە رۆژی چوارشەممە 24ـی ئابی 2016، کە وەک راگەیەندراوە ئامانج لێی دەرکردنی رێکخراوی توندڕەوی داعشە لە باکووری سووریا، هێزەکانی سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، دەستیان بەسەر زۆربەی ناوچەکانی شاری جەڕابلوسدا گرتووە و هێزێکی سوپای تورکیاش چووەتە ناو خاکی سووریا لەو ناوچەیە.

دوای هێرشەکەی سوپای تورکیا، یەپەگە ناچار بوو پاشەکشە لە شاری جەڕابلوسدا بکات و لە چەند شوێنێکیش رووبەروو بوونەوەی چەکداریی رووی داوە و ژمارەیەک شەڕڤانی یەپەگە و سەربازی تورکیا کوژراون و گیانیان لەدەست داوە.

ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب بە بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا، لەلایەن سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستی پێکرد.

هێزەکانی سوپای ئازاد بە پشتگیریی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و سوپا و تانکەکانەوە لەسەر خاکی کوردستانی باکوورەوە گەیشتنە ناو خاکی سووریا و بەرەو جەڕابلوس پێشڕەوییان کرد.












باسنيوز
Top