فەرماندەى کەتیبەیەکى سوریانییەکان لە شەڕى دژ بەداعشدا لە شەدادێ شەهید بوو
ئەمڕۆ ٢٨ى ئابی ٢٠١٦ ئەنجوومەنى سەربازیى زێرەڤانانی خابوور کە لە چوارچێوەى ئەنجوومەنى سەربازیى سوریانەکانى ڕۆژئاواى کوردستاندا کارەکانى بەڕێوە دەبات ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "باسل تایلا ناسراو بە ئاکاد فەرماندەى گشتیى هێزى زێرەڤانانى خابوو لە ناوچەى شەدادێ و لە کاتى جەنگ لە دژى داعشدا و بەهۆى تەقینەوەیەکەوە شەهید بووە".
ئاماژە بەوەشکراوە "ئاکدا لە کاتى هەوڵدان بۆ پوچەڵکردنەوەى بۆمبێکى چێندراوى چەکدارەکانى داعشدا، بۆمبەکەى پێدا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە شەهید بووە".
ئەوەش خراوەتەڕوو، باسل تایلا کە ناسراوە بە ئاکاد ناوى باوکى داودە و ناوى دایکیشى لۆلۆیە و لە گوندى تەل شەمێرانى ناوچەى تەل تەمرى ڕۆژئاواى کوردستان لە دایکبووە. لە ساڵى ٢٠١٣شدا بەشداریى ڕیزەکانى ئەنجوومەنى سەربازیى ئاسوورییەکاندا کردووە و لە ٢٧ى ئابی ٢٠١٦دا لە ناوچەى شەدادێش شەهید بووە.
یەگەپە ڕۆژى ٢٧ى ئابی ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، لە شەڕى دژ بە چەکدارەکانى داعشدا کە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ لە ناوچەکانى باشوورى شەدادێ لە پارێزگاى حەسەکە بەردەوام بووە، ١٠٨ چەکدارى داعش کوژراون.
ئەنجوومەنى سەربازیی سوریانییەکان لە ڕۆژئاواى کوردستان کە زیاتر لە هەزار شەڕڤانیان هەیە بەشێکن لە هێزەکانى سوریاى دیموکراتى (هەسەدە). هێزى زێرەڤانانى خابوریش بەشێکە لە ئەنجوومەنى سەربازیى سوریانییەکانى ڕۆژئاواى کوردستان.
هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (هەسەدە)
هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (هەسەدە) لە ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٥ بە بەشداریى ١٣ هێزى جۆراجۆر لە کانتۆنى جزیرەى ڕۆژئاواى کوردستان دامەزرا.
هەسەدە لەلایەن دەستەیەکى بەڕێوەبەریى نۆ کەسى و ئەنجوومەنێکى ٣٥ کەسى لە هێزە بەشداربووەکان بەڕێوە دەبرێت.
گرنگترینى ئەو هێزانە هەدەسە پێکدەهێنن بریتین لە هێزەکانى یەپەگە و یەپەژە (٥٠ هەزار کەس)، بەرەى کوردان – جەبهوتول ئەکراد (سێ هەزار کەس)، خۆرى باکوور – شەمس شیمال (سێ هەزار کەس)، سوپاى لیواى شۆڕشگێڕانى ڕەقە (دوو هەزار کەس)، ئەنجوومەنى سەربازیى سوریانییەکان (هەزار کەس) -کەتیبەى سەنادید (دوو هەزار کەس) و لیواى ٣٠ى سوپاى ئازاد و بورکانى فورات.
NTR-
