"حکومەتی تورکیا بە کردەیی دەستی بەسەر شارەوانی هەزەخدا گرتووە"

هاوسەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی هەزەخی باکووری کوردستان رایدەگەیێنێت، دوای دەستبەسەرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانییەکە، حکومەتی ئەنقەرە بە کردەیی دەستی بەسەر شارەوانییەکەدا گرتووە.





مەهدی ئەسڵان، هاوسەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی هەزەخی سەر بە شرناخ لە باکووری کوردستان رایگەیاند، دوای دەستگیرکردنی هاوسەرۆکەکەی نەوین ئۆیمان، ژمارەیەکی زۆر تەندەری کە پەیوەندی بە شارەوانییەکەیانەوە هەیە بەبێ ئاگاداری ئەوان دراوە بە بەڵێندەران.





ئەسڵان ئاماژەی بەوەشکرد، لەناو تەندەرەکاندا پرۆژەی ژێرخان و بنیاتنان بەدی دەکرێت و "بەکردەیی دەستگیراوە بەسەر شارەوانییەکەدا."





هاوسەرۆکی شارەوانی هەزەخ راشیگەیاند، کاتێک بە تەندەرەکانیان زانیووە کە بەڵێندەرەکان بۆ پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ سەردانی شارۆچکەکەیان کردووە.





نەوین ئۆیمان، هاوسەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی هەزەخ، 15ی 8ی 2016 لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسدا دەستگیرکرا و پاشان بە تۆمەتی "ئەندامێتی و یارمەتیدانی پەکەکە" بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرا تاوەكو یەکلاییبوونەوەی دۆسییەکەی لە دادگا.

rudaw -
Top