دی وێڵت: ئامانجى ئەردۆغان لە ئۆپراسیۆن بۆ سەر سوریا بۆ لەناو بردنى کوردە

دی وێڵت: ئامانجى ئەردۆغان لە ئۆپراسیۆن بۆ سەر سوریا بۆ لەناو بردنى کوردە
ڕۆژنامەى دی وێڵتى ئەڵمانى بڵاویکردەوە، ئامانجى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا بۆ ئۆپراسیۆن لە سوریادا بۆ ئەوەیە کە کورد لە ناو ببات و داعشیش تێکبشکێنێت و پێگەى تورکیا زیاتر بەهێز بکات.

ڕۆژنامەى دی وێڵتى (دونیا)ى ئەڵمانی ئەمڕۆ ٢٨ى ئابی ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، لە ئێستادا بارودۆخەکە ئەوە دەخاتەڕوو، هەوڵەکانى ئەردۆغان بنەماکانى ستراتیژییەکى بەرفراوانى تێدا نییە و ئەردۆغان تەنها ئەوەى دەوێت کە لە دۆخە دژوارەکە هەڵبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، تورکیا کارەکانى لە سوریادا بە هەماهەنگى نییە لەگەڵ سوریا و ڕووسیا و ئەمەریکادا، چونکە ڕووسیا و ئەمەریکا دەزانن شەڕ لە ئاسمانەوە سەرکەوتن بە دەست ناهنێت. لەبەر ئەوەش مۆسکۆ و واشنتۆن لەو ناوچەیەدا خۆیان لە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى بەرفراوان بەدوور دەگرن.

بەپێى بابەتەکەى ڕۆژنامەى دى وێڵتى ئەڵمانیا، تورکیا لەبەر ئەوەى کارەکانى لە سوریا بە هەماهەنگى لەگەڵ ناتۆدا بەڕێوە نابات، شەڕ گەیشتووەتە ئاستێکى مەترسیدار، چونکە ئەو هەونگاوە بە پەلەیەیى تورکیا لە ناو سوریادا بووەتە هۆى ئەوە کە داهاتووى شەڕەکە نادیار بێت. هەروەها دۆخەکە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەوروپاش چووەتە قۆناغێکى مەترسیدارەوە.

وەک لە بابەتەکەى ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە، ئامانجى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا بۆ ئۆپراسیۆن لە سوریادا ئەوەیە کە کورد لە ناو ببات و لەگەڵ ئەوەشدا داعش تێکبشکێنێت و لەو ڕێگەیەشەوە کار بۆ ئەوە دەکات پێگەى تورکیا لە ناوچەکەدا زیاتر بەهێز بکات.

ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوس

ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوس و گوندەکانى دەورووبەرى ڕۆژى ٢٢ى ئابی ٢٠١٦ لە باکوورى شارۆچکەى منبجى ڕۆژئاواى کوردستان ڕاگەیاندرا.

ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوس لە هەر یەک لە لیواکانى فراتى جەرابلوس (جەوادرا)، ئەحراری جەرابلوس و لیواى سقورى جەرابلوس پێکهاتووە.

لە ڕاگەیاندراوى، ڕاگەیاندنى ئەنجوومەنى سەربازیى منبجدا هۆشدارى بە تورکیا و گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا درابوو، کە بەپێى یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرەنگارى هەر هێرشێک دەبنەوە بکرێتە سەر جەرابلوس.

دواى سێ کاتژمێر لە ڕاگەیاندنى ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوس، عەبدولستار جادر فەرماندەى گشتیى ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوس لە نزیک ناوچەى شێخلەر لە بۆسەیەکدا "تیرۆر" کرا.

بەپێى سەرچاوەکانى هەواڵ ئەو کەسانەى فەرماندەى ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوسیان "تیرۆر" کردووە سەر دەزگاى هەواڵگریى نەتەوەیى تورکیا (میت) بوون و دوو کەسیان لێ دەستگیرکراوە.

هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر جەرابلوس

هێزە تایبەتەکانى تورکیا ڕۆژی ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ هێرشیان کردە سەر جەرابلوس لە ڕۆژئاواى کوردستان. ئەفگان ئالا وەزیرى ناوخۆی تورکیا لە بارەى هۆکارى هێرشى سوپاى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواىکوردستان ڕایگەیاند، ئامانجی ئۆپراسیۆنى جەرابلوس بۆ پاراستنى سەروەرى سوریایە. ئەفگان ڕاشیگەیاند "لەماوەیەکی کورتدا سنوورەکانمان لەگەڵ سوریا لە تیرۆریستان پاک دەکەینەوە".

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ لێدانی پەیەدە و داعشە لە سوریا. وتیشی "دەمانەوێت سنوورێک دابنێین بۆ ئەو هەڕەشانەى لەسەر سنوورى سوریاوە دەکرێنە سەر تورکیا".

هەر ڕۆژی ٢٤ى ئاب ساڵح موسلیم هاوسەرۆکى پارتى یەکێتى دیموکراتى (پەیەدە) ڕایگەیاند، تورکیا هاوشێوەی داعش لە گۆماوی سوریادا دەخنکێت. موسلیم ڕاشیگەیاند "هێزەکانی سوریای دیموکراتی و ئەنجوومەنی سەربازیی جەرابلوس دژی سوپای تورکیا دەوەستنەوە".

دوابەدواى ئەوەش یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە)، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستێوەردانى تورکیا لە سوریا دەستدرێژییەکى دوژمنکارانەیە.

لەبەردەوامیى کاردانەوەکان بەرامبەر بە هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر جەرابلوس، حکومەتی سوریا ڕایگەیاندووە، تورکیا سەروەری خاکی وڵاتەکەیانی پێشێل کردووە و ئەوەی ئێستا لە جەرابلوس ڕوودەدات تێکشکاندندی تیرۆر نییە، بەڵکو گواستنەوەی تیرۆرە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری سوریا.

هاوکات پێشتریش نوسینگەی سەرۆک وەزیری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکەی جەرابلوس بە هاوکاری هاوپەیمانی دژی داعش ئەنجام دەدرێت و بەرپرسێکی ئەمەریکیش بە ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندووە، کە ئەمەریکا پاڵپشتی ئەو ئۆپراسیۆنە دەکات.

هەر ڕۆژی ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ جۆ بایدن جێگرى باراک ئۆباماى سەرۆکى ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا لە ئەنقەرە لەگەڵ بینالى یەڵدرم سەرۆک وەزیرانى تورکیا ڕایگەیاند "دەبێت هێزەکانى سوریاى دیموکراتی بکشێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتى ڕوبارى فورات، ئەمەریکا شانبەشانى تورکیا کاردەکات بۆ پاککردنەوەى سوریا لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان".

ئێوارەى ئەو ڕۆژەش شارى جەرابلوس و نۆ گوند لەلایەن سوپاى تورکیا و سوپاى سوریاى ئازادەوە کۆنتڕۆڵکرا. سوپاى تورکیا بە قوڵایى ١٠ کیلۆمەتر و پانایى ١٣ کیلۆمەتر لە خاکى ڕۆژئاواى کوردستانى لە نێوان کانتۆنى عفرین و کۆبانێ کۆنتڕۆڵکردووە.

بەهۆى هێرش و بۆردومان و تۆپبارانکردنەکانى سوپاى تورکیاوە ٤٩ هاووڵاتیى جەرابلوس و گوندەکانى دەرووبەرى شەهید بوون.

دوابەدواى ئەوەش گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا شەوى ٢٤ى ئاب هێرشیان کردە سەر سنوورەکانى باشوورى جەرابلوس و باکوورى منبج کە لە کۆنتڕۆڵى شەڕڤاناندایە و شەڕڤانان لە دواى بەرەنگاریى هێرشى ئەو گروپە چەکدارانە شکستى بە هێرشەکەیان هێنا.

هاوکات حەنیفە حسێن ئەندامى دەستەى بەڕیوەبەریى تەڤدەم لەبارەى هێرشەکەى تورکیاوە ڕایگەیاندبوو، ئامانجى تورکیا جگە لە جەرابلوس، داگیرکردنى عفرین و حەڵەبە.

هەروەها ئاڵدار خەلیل ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى تەڤدەم لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، هێرشەکەى تورکیا لە دژى سیتسمى فیدڕاڵى دیموکراتیى ڕۆژئاوایە.

ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى لە ڕاگەیاندراوێکدا هێرشەکەى تورکیاى بۆ سەر جەرابلوس ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، تورکیا و داعش یەکێکن و سوریا پارچە دەکەن.

بە بەردەوامیى کاردانەوەکان بەرامبەر بە هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر جەرابلوس ڕۆژى ٢٤ى ئابی ٢٠١٦وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا بڵاویکردەوە، هێرشەکەى تورکیا بۆ جەرابلوس ناکۆکى زیاتر دەکات و دەبێت لەگەڵ کورددا دیالۆگ بکرێت.

هەروەها ڕۆژى ٢٦ى ئابی ٢٠١٦ جەنەڕاڵ لیۆنید ئیڤاشۆڤ سەرۆکى ئەکادیمیاى کێشە جیۆپۆلۆتییەکانى حکومەتى ڕووسیا لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانە، کە میدیاکانى تورکیا کە باس لەوە دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر جەرابلوس هەماهەنگى لە نێوان ڤلادمیر پوتین سەرۆکى ڕووسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیادا هەبووە، دوورن لە ڕاستییەوە.

لە بەردەوامیى بەرەنگاریى شەڕڤانانى ئەنجوومەنى سەربازیى جەرابلوس بەرامبەر بە هێرشەکەى سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئەنقەرە، شەوى ٢٧ى ئابی ٢٠١٦ سێ تانکى سوپاى تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە لە باشوورى جەرابلوس تەقێنرانەوە و ڤیدیۆى چۆنیەتیى هێرشکردنە سەر تانکەکانى تورکیا و تەقاندنەوەیان بڵاوکرایەوە.

جەرابلوس لە ڕۆژئاواى کوردستان لە سەر سنوورى تورکیا لە نێوان کانتۆنەکانى کۆبانێ و عفریدایە و ماوەى دوو ساڵە لە کۆنتڕۆڵى چەکدارەکانى داعشدایە. لە ماوەى ئەو دوو ساڵەدا تورکیا هیچ هێرشێکى لە دژى داعش لە جەرابلوس ئەنجام نەداوە. لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا میدیاکان بڵاویانکردەوە، گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا خۆیان ئامادە کردووە بۆ هێرشکردنە سەر جەرابلوس.

ئەم ئۆپراسیۆنەی تورکیا لە جەرابلوس بەدەر لەوەی کە بۆ تێکشکانی داعشە لەو شارۆچکەیە، مەبەست لێی وەستانی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتییە، کە یەپەگە زۆرینەی پێکدەهێنێت و تورکیا دەیەوێت بەم ئۆپراسیۆنە ڕێگە لە یەپەگە بگرێت تاوەکو جەرابلوس کۆنتڕۆڵ نەکات.
Top