ئێران دانوستانكارێكی رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی وڵاتەكەی بەتۆمەتی سیخوڕی دەستگیردەكات
غوڵام حوسەین موحسینی ئێژەیی، وتەبێژی وەزارەتی دادی ئێران لە كۆنفرانسێكی هەواڵیی هەفتانەدا رایگەیاند یەكێك لە ئەندامانی تیمی دانوستانكاری ئێران لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی وڵاتەكەی لەگەڵ خۆرئاوا، بەتۆمەتی "سیخوڕیكردن" دەستگیركراوە.
موحسینی ئێژەیی، ناسنامەی ئەندامە گومانلێكراوەكەی دانوستانكارانی ئێرانی بڵاونەكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد كە لەئێستادا ئەو ئەندامە پاش چەند رۆژێك لە زیندان، بەكەفالەت ئازادكراوە، بەڵام هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.
وتەبێژەكەی وەزارەتی داد لەدرێژەی وتەكانیدا سەبارەت بە دانوستانكارە دەستگیركراوەكە وتی"سیخوڕێكەو خۆی خزاندووەتە تیمە ئەتۆمییەكەی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە".
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە 16ی ئەم مانگەدا، داواكاری گشتیی تاران رایگەیاند كە هاوڵاتییەكی خاوەن رەگەزنامەی بەریتانیو ئێرانی-یان دەستگیركردووەو پەیوەندی بە هەواڵگریی بەریتانییەوە هەبووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بەوەنەكرد كە ئەو كەسە ئەندام بووە لە تیمی دانوستانكارانی ئەتۆمیی وڵاتەكە.
ئەمڕۆش موحسینی ئێژەیی ئەوەی پشتڕاست نەكردەوە كە دانوستانكارە دەستگیركراوەكە خاوەنی رەگەزنامەی وڵاتی دووەم بووبێت.
سەرەتای مانگی 4ی ساڵی رابردوو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فێدریكا مۆگرینی، نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپاو محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانو سەرۆكی دەستەی دانوستانكارانی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە، رایانگەیاند كە سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران گەیشتوونەتە رێككەوتن.
ئەم رێككەوتنە بوەهۆی لابردنی بەشێكی زۆر لەو سزا نێودەوڵەتییانەی بەهۆی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوە بەسەر ئێراندا سەپێندرابوون و وەك سەركەوتنێكی گەورە بۆ حكومەتەكەی حەسەن رۆحانی ئەژماركرا.
خەندان -
