بۆ سەرەخۆشیکردن لە خانەوادەی قوربانییەکان ئەردۆگان گەیشتە عەنتاب
بە گوێرەی هەواڵێکی میدیاکانی تورکیا، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 28\8\2016، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، گەیشتە شاری عەنتاب لە کوردستانی باکوور. ئەوەش ئاشکرا کراوە کە مەبەست لە سەردانەکەی، سەرەخۆشیکردنە لە کەسوکاری قوربانییانی کردەوە تیرۆریستییەکەی شارەکە.
تەقینەوەکەی عەنتاب لە شەوی 21\8\2016 لە بەر دەرگای هۆڵێکی بووک گواستنەوە ئەنجام درا و بەهۆیەوە 58 کەس گیانیان لەدەست دا کە 31 کەسیان منداڵ بوون، زیاتر لە 60 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو بنەماڵەیەی لە ئاهەنگەکەیاندا تەقینەوە ڕووی دا، سەرجەمیان کورد بوون، خەڵکی ناوچەی (سێرت) بوون، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و گوندپارێزەکان لە ساڵی 1991 تا 1994، گوندەکانیان چۆڵ کردبوو و لە عەنتاب دەژیان. یەکێک لە کەسەکانی ئەو بنەماڵەیە، لە پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە) بەرپرسیارێتی هەبووە.
باسنیوز
