کەجەکە: داعش جەڕابلوسی رادەستی تورکیا کرد
لە راگەیەندراوەکەدا، کە رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئابی 2016 میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاویان کردووەتەوە، : کەجەکە رایدەگەیەنیت، کە رێکخراوی توندڕەوی داعش لە ئەنجامی رێککەوتنێکدا، شارەکەی رادەستی تورکیا و ”چەتەکانی“ کرد.
کۆنسەی رێبەریی کەجەکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ”تورکیا و چەتەکانی“، کە مەبەست لێی چەکدارانی سوپای ئازادی سووریایە، لە ناوبردنی داعش نییە، بەڵکو ”بە ئامانجکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتییە“.
کەجەکە، کە سەرپەرشتیی هەموو رێکخراو و حزبەکانی پەکەکە دەکات، پێیوایە دەوڵەتی تورکیا ”لەمێژە پلانی داگیرکردنی جەڕابلوسی داناوە“ و دوای رزگار کردنەوەی شاری منبجیش، کە هێزەکانی سووریای دیموکراتی لەژێر دەسەڵاتی داعش رزگاریان کردەوە، ”تورکیا پلانەکەی جێبەجێکرد“.
دوای راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی ”قەڵغانی فورات“ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە رۆژی چوارشەممە 24ـی ئابی 2016، کە ئامانج لێی دەرکردنی چەکدارانی داعش لە باکووری سووریا، هێزەکانی سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، دەستیان بەسەر زۆربەی ناوچەکانی شاری جەڕابلوسدا گرتووە.
ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب بە بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا، لەلایەن سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستی پێکرد.
هێزەکانی سوپای ئازاد بە پشتگیریی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و سوپا و تانکەکانەوە لەسەر خاکی کوردستانی باکوورەوە گەیشتنە ناو خاکی سووریا و بەرەو جەڕابلوس پێشڕەوییان کرد.
باسنيوز
