شەڕڤانان هێرشى گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیایان بۆ منبج تێکشکاند

شەڕڤانان هێرشى گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیایان بۆ منبج تێکشکاند
شەڕڤانان هێرشى گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیایان بۆ سەر سنوورە کۆنتڕۆڵکراوەکانیانی منبج تێکشکاند.

ئاژانسى هەواڵى هاوار، ئەمشە ٢٣ى ئابی ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، لە دواى ئەوەى سوپاى تورکیا و ژمارەیەک گروپى چەکدار شارى جرابلۆسیان کۆنتڕۆڵکرد ئەو گروپانە لە باشوورى جرابلۆسەوە هێرشیان کردە سەر سنوورەکانى شەڕڤانان.

ئاماژە بەوەشکراوە، شەڕڤانان لە گوندى ئاماران لە هەشت کیلۆمەتریى باشوورى جرابلۆسدا بەرەنگاریى ئەو هێرشەى چەکدارەکانی سەر بە تورکیایان کردووە و هێرشەکەیان تێکشکاندوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە دواى تێکشکاندنى هێرشى ئەو گروپانە لە ئێستادا شەڕ لەو سنوورە ڕاوەستاوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە نزیکەى کاتژمێرى ١٠ى ئەمشەو گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا هێرشیان کردبووە سەر سنوورە کۆنتڕۆڵکراوەکانى شەڕڤانان لە باکوورى شارى منبج.

هاوکات حەنیفە حسێن ئەندامى دەستەى بەڕیوەبەریى تەڤدەم لەبارەى هێرشەکەى تورکیاوە ڕایگەیاندبوو، ئامانجى تورکیا جگە لە جرابلۆس، داگیرکردنى عفرین و حەڵەبە.

هەروەها ئاڵدار خەلیل ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى تەڤدەم لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، هێرشەکەى تورکیا لە دژى سیتسمى فیدڕاڵى دیموکراتیى ڕۆژئاوایە.

ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى لە ڕاگەیاندراوێکدا هێرشەکەى تورکیاى بۆ سەر جرابلۆس ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، تورکیا و داعش یەکێکن و سوریا پارچە دەکەن


پێشهاتەکانى هێرشى تورکیا بۆ سەر جرابلۆسى ڕۆژئاواى کوردستان

هێزە تایبەتەکانى تورکیا ئەمڕۆ ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ هێرشیان کردە سەر جرابلۆس لە ڕۆژئاواى کوردستان. ئەفگان ئالا وەزیرى ناوخۆی تورکیا لە بارەى هۆکارى هێرشى سوپاى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواىکوردستان ڕایگەیاند، ئامانجی ئۆپراسیۆنى جەرابلوس بۆ پاراستنى سەروەرى سوریایە. ئەفگان ڕاشیگەیاند "لەماوەیەکی کورتدا سنوورەکانمان لەگەڵ سوریا لە تیرۆریستان پاک دەکەینەوە".

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ لێدانی پەیەدە و داعشە لە سوریا. وتیشی "دەمانەوێت سنوورێک دابنێین بۆ ئەو هەڕەشانەى لەسەر سنوورى سوریاوە دەکرێنە سەر تورکیا".

هەر ئەمڕۆ ساڵح موسلیم هاوسەرۆکى پارتى یەکێتى دیموکراتى (پەیەدە) ڕایگەیاند، تورکیا هاوشێوەی داعش لە گۆماوی سوریادا دەخنکێت. موسلیم ڕاشیگەیاند "هێزەکانی سوریای دیموکراتی و ئەنجوومەنی سەربازیی جەرابلوس دژی سوپای تورکیا دەوەستنەوە".

دوابەدواى ئەوەش یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە)، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستێوەردانى تورکیا لە سوریا دەستدرێژییەکى دوژمنکارانەیە.

لەبەردەوامیى کاردانەوەکان بەرامبەر بە هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر جرابلۆس، حکومەتی سوریا ڕایگەیاندووە، تورکیا سەروەری خاکی وڵاتەکەیانی پێشێل کردووە و ئەوەی ئێستا لە جەرابلوس ڕوودەدات تێکشکاندندی تیرۆر نییە، بەڵکو گواستنەوەی تیرۆرە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری سوریا.

هاوکات پێشتریش نوسینگەی سەرۆک وەزیری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکەی جەرابلوس بە هاوکاری هاوپەیمانی دژی داعش ئەنجام دەدرێت و بەرپرسێکی ئەمەریکیش بە ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندووە، کە ئەمەریکا پاڵپشتی ئەو ئۆپراسیۆنە دەکات.

هەر ئەمڕۆ جۆ بایدن جێگرى باراک ئۆباماى سەرۆکى ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا لە ئەنقەرە لەگەڵ بینالى یەڵدرم سەرۆک وەزیرانى تورکیا ڕایگەیاند "دەبێت هێزەکانى سوریاى دیموکراتی بکشێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتى ڕوبارى فورات، ئەمەریکا شانبەشانى تورکیا کاردەکات بۆ پاککردنەوەى سوریا لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان".

ئێوارەى ئەمڕۆ شارى جرابلۆس و نۆ گوند لەلایەن سوپاى تورکیا و سوپاى سوریاى ئازادەوە کۆنتڕۆڵکرا. سوپاى تورکیا بە قوڵایى ١٠ کیلۆمەتر و پانایى ١٣ کیلۆمەتر لە خاکى ڕۆژئاواى کوردستانى لە نێوان کانتۆنى عفرین و کۆبانێ کۆنتڕۆڵکرد.

جرابلۆس لە ڕۆژئاواى کوردستان لە سەر سنوورى تورکیا لە نێوان کانتۆنەکانى کۆبانێ و عفریدایە و ماوەى دوو ساڵە لە کۆنتڕۆڵى چەکدارەکانى داعشدایە. لە ماوەى ئەو دوو ساڵەدا تورکیا هیچ هێرشێکى لە دژى داعش لە جرابلۆس ئەنجام نەداوە. لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا میدیاکان بڵاویانکردەوە، گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا خۆیان ئامادە کردووە بۆ هێرشکردنە سەر جرابلۆس.

ئەم ئۆپراسیۆنەی تورکیا لە جەرابلوس بەدەر لەوەی کە بۆ تێکشکانی داعشە لەو شارۆچکەیە، مەبەست لێی وەستانی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتییە، کە یەپەگە زۆرینەی پێکدەهێنێت و تورکیا دەیەوێت بەم ئۆپراسیۆنە ڕێگە لە یەپەگە بگرێت تاوەکو جەرابلوس کۆنتڕۆڵ نەکات.
Top