بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئیتاڵیا 120 کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئیتاڵیا 120 کەس گیانیان لەدەستدا
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 ناوەڕاستی ئیتاڵیای هەژاند و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانی كەم 120 کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسیش بێسەروشوێنن.

کاژێر 3:36 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 24-8-2016 بوومەلەرزەیەک بەدووری 100کیلۆمەتر باکووری رۆژهەڵاتی رۆمای پایتەختی ئیتاڵیای هەژاند.

بەگوتەی ماتیۆ رێنزی، سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا ژمارەی قوربانییەكان بەرزبووەتەوە و تاوەكو ئێستا لانی كەم 120 كەس گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا داوای هاوكاری لە خۆبەخشان كرد بۆ بەهاناوەچوونی خەڵكی ناوچەكە و بەڵێنیدا "هیچ خێزان، ماڵ و كەسێك جێناهێڵرێت".

سێرجیۆ پیرۆزی، سەرۆکی شارەوانی شارۆچكەی ئاماتریچە، كه بوومەلەرزەكە بەزۆری ئەو شارە مێژووییەكەی گرتووەتەوە، رایگەیاندووە "نیوەی شارۆچكەكە وێران بووە و خەڵکێکی زۆر بوونەتە ژێر خانووە داڕماوەکانەوە. ژمارەی قوربانیانیش روو لە زیادبوونە".

بەهۆی بەهێزی بوومەلەرزەكە بۆ ماوەی 20 چركە چەند باڵەخانیەكی رۆمای پاتەختی ئیتاڵیا لەریونەتەوە و نزیكەی 80 لەرینەوەی دیكەش راگەیێندراوە.

بوومەلەرزەکە بە قووڵی 10 كیلۆمەتر ناوچەكەی گرتووەتەوە، بەراورد بە بوومەلەرزەكەی ئە کویلا لە ساڵی 2009، كە بووە هۆی گیانلەدەستجانی 309 کەس، بەهێزترین بوومەلەرزەیە ئەو وڵاتەی گرتبێتەوە.



رووداو –
Top