ئاکەپە بڕیاری پاکتاوی لایەنگرانی گویلەنی لە ریزەکانیدا دەرکرد

ئاکەپە بڕیاری پاکتاوی لایەنگرانی گویلەنی لە ریزەکانیدا دەرکرد
پارتی داد و گەشەپێدان لە بڕیارێکیدا داوای لە رێکخستنەکانی پارتەکەی کرد لایەنگرانی بزووتنەوەکەی گویلەن لە ریزەکانیان دەربکەن و پەرلەمانتارێکی پارتەکەش رایدەگەیێنێت تا ئەوکاتەی لە سەرکردە باڵاکانی وەک راوێژکاری میتەوە دەستنەکرێت بە پاکتاوی گویلەن دەرکردنی ئەندامەکانیان لە ریزەکانی خوارەوەی ئاک پارتی و فەرمانگە حکومییەکان گاریگەری نابێت.

حەیاتی یازیجیئۆغڵو، یاریدەدەری سەرۆکی ئاک پارتی لە بڕیارێکیدا کە بۆ رێکخستنەکانی پارتەکەی ناردووە داوایکردووە "ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە بزووتنەوەکەی گویلەنەوە هەیە لە ریزەکانیان دوور بخەنەوە."

لە بڕیارەکەی یازیجیئۆغڵودا هاتووە "بەر لەوەی فیتنە و قسەڵۆک سەرهەڵبدات، ئەوانەی کە پەیوەندییان بە رێکخراوە تیرۆریستییەکەی گویلەنەوە هەیە و پشتگیرییان لە کودەتا کردووە لە ریزەکانتان دوور بخەنەوە."

لەلایەکی دیکەوە لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی فراکسیۆنی ئاک پارتیدا، بە توندی رەخنە لە هاکان فیدان، راوێژکاری دەزگای هەواڵگریی تورکیا گیراوە و پەرلەمانتارێکی پارتەکە کە نەیوستووە ناوی بڵاوبکرێتەوە رایگەیاندووە، تا ئەوکاتەی ئەندامە باڵاکانی نزیک لە بزووتنەوەکەی گویلەن دەرنەکرێن، لەکارلادانی ئەندامانی خوارەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت.

پەرلەمانتارەکە دەڵێت "لە فەرمانگەکاندا پاکتاو دەکرێت، بەڵام دەست بۆ بیرۆکراسی باڵا نابرێت. دەبێت سەرەتا لە بیرۆکراسی باڵادا ئەندامانی جەماعەت پاک بکرێنەوە بۆ ئەوەی پشتی رێکخراوەکە بشکێت. سەرۆکی میت کە زانیاری لەبارەی هەوڵی کودەتاکەوە هەیە هێشتا لە شوێنی خۆیەتی؟ چۆن دەکرێت هێشتا متمانەمان پێی هەبێت؟"

دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەمووزی 2016، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند کە لە زاواکەیەوە هەواڵی کودەتاکەی پێدراوە و لاوازییەک لە دەزگای هەوڵگرییدا هەیە. سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، پرسیاری لەبارەی هەوڵی کودەتاکەوە لە راوێژکاری میت کردووە بەڵام "وەڵامی دەستنەکەوتووە". بەوهۆیەوە مشتومڕێکی زۆر لەبارەی هاکان فیدان، راوێژکاری دەزگای هەوڵگریی MITەوە دەستی پێکرد.




رووداو
Top