ئێران.. ژمارەیەك كورد لە بەنیدخانەی كەرەج لەسێدارەدران

ئێران.. ژمارەیەك كورد لە بەنیدخانەی كەرەج لەسێدارەدران
دەسەڵاتی دادوەری ئێران رۆژی سێشەممە 2-8-2016 ژمارەیەک زیندانی كوردی سوننە مەزهەبی بەتۆمەتی ئەندامێتی لە گرووپە تووندڕەوەكان و كوشتن لەسێدارەدا.

ئەو زیندانییە کوردە سوننانە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بوون، لەو بارەوە سەرچاوەیەک لە کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، لە ساڵی 2009 دا گرووپێک لە بازاڕی سنە دروست بوو و هەڵگری بیری تەکفیری بوون، پێشتر هێرشیان بۆ سەر بنكە و بارەگای سەربازی و حکومی ئەنجامداوە و خەڵکیان رفاندووە و دوو مامۆستای ئاینییان لە سنە کوشتوون.

وەك سەرچاوەكە جەختی لەسەر كردەوە، " ئەو گرووپە چەند کردەوەیەکی دیکەی وەک بڕینی دوکانی زێڕینگەران لە هەمەدان و زەنجان و قوروە و، رفاندن و کوشتنی شوفێرێکی تەکسی و کوشتنی 4 کەسیان لە هێزی بەرگریی شارستانی ئەنجامداوە".

هەروەها سەرچاوەکە رایگەیاند، لەنێوان ساڵانی 2009 بۆ 2011 دا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەندامانی ئەو گرووپە کە 80 کەس بوون لەگەڵ هێزەکانی ئێران روویداوە و، لەو شەڕانەدا 7 ئەندامی گرووپەکە کوژران و ئەوانی دی دەستگیرکران.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە دەڵێ"لیکۆڵینەوە لەگەڵیان لە چوارچێوەی یاسا بووە، ئەوانیش پارێزەریان هەبووە لەکاتی دادگاییکردندا، دەستگیرکراوەکانیش دانیان بە تاوانی خۆیاندا ناوە و سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەواندا سەپێندراو بەشێکیشیان بێتاوان دەرچوون و ئازادکران". ئاماژەی بەوەش كرد 5 لەوانەی ئازادکراون، چوونەتە نێو داعش.

لەبارەی ژمارەی کوردە سوننە لەسێدارەدراوەکان، ژمارەی جیاجیا بڵاوبووەتەوە، هەندێ سەرچاوە باس لە 10 کەس دەکەن و هەندێکی دیکە دەڵین 18 کەس بوون کە لەسێدارەدراون.

رووداو
Top