"لەبەر پلانێكی سعودیە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دوادەخرێت"

بۆ نەینەوا كۆنترۆڵ ناكرێتەوە؟ رۆژانە ئەو پرسیارە هەزاران جار لە نێوان عێراقییەكان بە گشتی و ئەو ئاوارانە بە تایبەتی كە وەرزێكی ئاگرین لە ژێر خێمەكاندا بەڕێدەكەن، دەكرێت، بەڵام زانیارییەكان دەڵێن بڕیار لای ئەو ژەنەڕاڵ و پلەدارە سەربازییانە نییە كە بەردەوام دەڵێن ئامادەن بۆ جەنگ. پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ ئێستا شەڕی مووسڵ زۆرتر شەڕێكی سیاسییە تاوەكو سەربازی.

عەرەفات كەرەم، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت ئێستا بە تەواوی دەركەوتووە كە حكومەتی عێراق بۆ خۆی بە پلان نایەوێ جارێ شاری مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكاتەوە و دوای دەخات "چونكە دەیەوێ حەشدی شەعبی وەك بەشێك لە سوپای عێراق ببێتە فەرمی و بەشداری ئەو شەڕە بكات، بیریش لە پاش ئازادكردنی مووسڵ دەكاتەوە لەڕووی بەڕێوەبردنیەوە".

عەرەفات كەرەم نوێترین زانیاری لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی پرۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێ "سعودیە لە كۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ گەورەترین كۆنگرە لە ریاز دەبەستێ و لەو كۆنگرەیەدا نەخشەڕێگایەك بۆ دروستكردنی هەرێمی سوننەكان دادەڕێژێت و تەنیا ئەو سەركردە سوننانەش بانگ دەكات كە پڕۆژەی ئێرانی و شیعی رەتدەكەنەوە لە عێراقدا".

گوتیشی "هەریەكە لە تارق هاشمی و نوجێفییەكان و ئەو كەسایەتییە سوننیانەی كێشەیان لەگەڵ سیاسەتەكانی مالیكی هەبوو، لەو كۆنگرەیە دەبن".

وشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایشە، پێیوایە بڕیاری دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنەوەی نەینەوا، لە دەست هاوپەیمانانە نەك عێراقییەكان "ئەوە هێزی هاوپەیمانەكانن دەبێ گڵۆپی سەوز هەڵبكەن".

بەبڕوای وشیار عەبدوڵڵا ئێستا شەڕی مووسڵ بووەتە بابەتێكی سەربازی- سیاسی و بەشێك لە هۆكاری دواكەوتنی شەڕەكەش بۆ نائامادەیی سوپای عێراق و ئەو زیانە گەورەیەی لە سەرەتای جەنگەكەوە بەریكەوت، دەگەڕێتەوە.

وشیار عەبدوڵڵا باسی چەند سیناریۆیەك دەكات لە بەردەم سوپای عێراق و هاوپەیمانان كە یەكێك لەوانە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی شەڕی فەللوجەیە لەلایەن داعشەوە.

سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە، وشیار عەبدوڵڵا دەڵێت "ئەگەری بەهێز ئەوەیە كە مانگی نۆی ئەمساڵ پرۆسەی ئازادكردنەوەی نەینەوا دەست پێبكات، چونكە ئەوە كارێكە دەبێ ئەمریكا بیكات و پێش ئەوەی لەگەڵ كۆمارییەكان بچنە هەڵبژاردنەوە بۆ یەكلاكردنەوەی كورسی سەرۆكایەتی".

وشیار عەبدوڵڵا، قورسترین كۆسپی بەردەم حكومەتی عێراق و هاوپەیمانان و كوردیش بە قۆناخی دوای داعش ناودەبات و دەڵێ "دواتر كێ ئەو پارێزگایە بەڕێوەدەبات، ئال نوجێف یان خەڵكانی دیكە؟ یان سوپای عێراق و حەشدی شەعبی".

كورد جارێكی دیكە خوێنێكی زۆری لەسەر ئەو سنوورانە رشتەوە كە داعش كردنییەوە بە سنووری شەڕ، وەك چۆن حكومەتی عێراق نایەوێ سوننەكان بە خەیاڵی هەرێمێكی نوێوە دەسەڵات لەو پارێزگایە وەربگرنەوە، كوردیش نایەوێ بەبێ گرەنتی بچێتە نێو ئەو جەنگەوە.

سەرۆک بارزانی چەند جارێك كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك هۆز و كەسایەتییە دیارەكان و نەتەوە جیاوازەكانی دەشتی نەینەوا كردووە و پشتگیری كردوون كە ناوچەكانی خۆیان بەڕێوەببەن "بەڵام دەیەوێ گرەنتی ئەوەش هەبێ كە نەبنە كێشە بۆ ئەو ناوچانەی كوردستانین و بەدەست پێشمەرگەوەن".

عەرەفات كەرەم، لەو بارەیەوە پێشبینی دەكات كە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەینەوا، كێشە لەنێوان كورد و سوننە دروستببێ لەسەر ئەو ناوچانە "بەڵام كورد لە ئێستاوە بە سوننەكانی راگەیاندووە، ئەو شارۆچكە و گوندانەی لە بنەڕەتدا كوردستانین، پێشمەرگە لێیان ناكشێتەوە و دەبنە بەشێك لە خاكی هەرێمی كوردستان".
Top