ئەردۆغان بۆ ئەوروپا: ڤیزا هەڵنەگرن دەرگاکان بەڕووی کۆچبەراندا دەکەینەوە

ئەردۆغان بۆ ئەوروپا: ڤیزا هەڵنەگرن دەرگاکان بەڕووی کۆچبەراندا دەکەینەوە
سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرایدەکات لە دادگاکانی ئیتاڵیا دۆسیەیەک لەسەر بیلالی کوڕی کراوەتەوە و ئەگەر سەردانی ئیتاڵیا بکات رەنگە دەستبەسەری بکەن و هێرشیکردە سەر ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەوروپا کە رەخنەیان لە تورکیا گرتووە.

لە چاوپێكەونێكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی حکومەتی ئیتاڵیا RAI، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وێڕای رەخنەگرتن لەسەرجەم دەسەڵاتدارانی ئەوروپا بە گشتیی و بەرپرسی باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، هێرشیکردە سەر دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا بەهۆی ئەوەی کە دادگای ئیتاڵیا بیلال ئەردۆغانی کوڕەکەی لە دۆسیەیەک تێوەگلاندووە.

ئەردۆغان گوتی "ئەگەر کوڕەکەم ئێستا سەردانی ئیتاڵیا بکات، رەنگە دەستگیریبکەن. بەهۆی دادگاییەکەوە کە دوور و نزیک پەیوەندی بە ئیتاڵیاوە نییە. دەمانەوێت بزانین چییە؟ کەچی هیچ نییە. ئیتاڵیا با دەست لە کوڕەکەی من هەڵبگرێت و سەرقاڵی مافیاکانی خۆی بێت".

ئەردۆغان وەڵامی رەخنەکانی فێدریکا مۆگێرینی، بەرپرسی باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاشی دایەوە و گوتی "کاتێک لە پاریس هێرشی تیرۆریستی روویدا، خاتوو مۆگێرینی سەردانی فەرەنسای کرد، لە تورکیا هەوڵی کودەتا درا، دەبوایە بەر لە رەخنەگرتن سەردانی تورکیای بکردایە".

ئەردۆغان هەڕەشەی کردنەوەی دەروازەکانی بەڕووی کۆچبەرە نایاساییەکاندا بۆ ئەوروپا کردەوە لە ئەگەری هەڵنەگرتنی ڤیزای شنگندا لەسەر خەڵکی تورکیا.

سەرۆككۆماری توركیا پشتگیریی لەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی كرد، کە هەڵگرتنی ڤیزای شنگنی بەستبووەوە بە کۆچبەرە نایاساییەکانەوە و گوتی "راستی گوتووە، چونکە ئەگەر ڤیزاە هەڵنەگیرێت، رێککەوتنەکەش کۆتایی دێت".

لەبارەی گەڕاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە تورکیا، ئەردۆغان رایگەیاند "ئێمە دەڵێین لە خەڵک دەپرسین، ئێستا 75 لەسەدی خەڵکی تورکیا داوای گەڕاندنەوەی سزای لە سێدارەدان دەکەن".



رووداو
Top