جێگرەكەی كلینتن دۆناڵد ترەمپ بە خۆپەرست نێودەبات
دوای تەوابوونی كۆنگرەی پارتەكەیان، هیلاری کلینتن کاندیدی دیموکراتەکان و تیم کەین، جێگرەکەی هەڵمەتی هەلبژاردنیان دەستپێکرد.
کەین هێرشیکردە سەر دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان و رایگەیاند "کۆنگرەی کۆمارییەکان کۆنگرەیەکی تاریکی عەقڵی ترەمپ بوو".
هەفتەی رابردوودا هیلاری کلینتن، تیم كەین، سیناتۆری ڤێرجینیا وەکو جێگری خۆی دەستنیشانکرد.
تیم کەین، جێگری هیلاری گوتیشی"ئەگەر دەتانەوێت کەسێک هەڵسەنگێنن لە فەزای گشتیدا، سەیر بکەن بزانن چەند حەماسەت و خۆشەویستی هەیە، چەند ئەم حەماسەتە لەکاتی خۆشی و ناخۆشیدا بەردەوام دەبێت، هیلاری لە کۆشکی سپی بێت یاخود نا، هەمیشە ئەوانی دیکەی خستووەتە پێش خۆیەوە، بەڵام ترەمپ هەمیشە دەڵێت من لە پێشم".
چاودێرانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا پێیانوایە ئەو رەخنە تووندانەی تیم کەین بەبێ تۆڵە تێناپەڕێت، دۆناڵد ترەمپ سڵی لە کەس نەکردووەتەوە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا تیم کەین دەکەوێتە بەر رەخنە تووندەکانی ترەمپ.
هێشتا سێ مانگی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە بڕیارە لە مانگی 11ی داهاتوو ئەنجامبدرێت، ئەوەی کە تاوەکو ئێستا روونە دیموکراتەکان یەکگرتوویی نێوخۆیان پاراستووە، بەپێچەوانەوە لەنێو کۆمارییەکاندا لێکترازانێک بەدیدەکرێت، بەتایبەتی کاتێک بنەماڵەی بۆش و میت رۆمنی، كاندیدی پێشووی كۆمارییەكان و تێد کرووز، سیناتۆری تیکساس ئامادەنەبوون پشتگیریی ترەمپ بكەن.
