ئەمریکا: هاوکارییە داراییەکان نادرێنە دەست بەغدا

ئەمریکا: هاوکارییە داراییەکان نادرێنە دەست بەغدا
هەفتەی رابردوودا ئەمریکا میوانداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی تایبەت بەهاوکاریکردنی دارایی عێراقی کرد و، بڕیاردرا بە بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار هاوکاری عێراق بکرێت، لەبارەی چۆنییەتی گەیاندنی ئەو پارەیەش گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: هەڵە تێگەیشتنێک لەوبارەیەوە هەیە.

لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ بەغدا یاخود هەرێمی کوردستان. جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند "هەڵە تێگەشتنێك لەبارەی چۆنییەتی گەیاندنی ئەو هاوکاریانە هەیە".

جۆن کێربی ئاماژەی بەوەکرد، هاوکارییەکان نە رادەستی حکومەتی فیدراڵ دەکرێن لە بەغدا و، نە رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت لە هەولێر، بەڵکو رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت و، لە رێگای ئاژانسەکانی فریاگوزاری و رێکخراوە مرۆییەکان بە پێی پێویستییەکانی ناوچە جیاوازەکانی عێراق وەکو هاوکاری دابەش دەکرێن، یان دەکرێنە پرۆژەی هاوکاریی مرۆیی، یان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان بەکاردەهێندرێن.

گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند " ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تەواوەتی متمانەیان بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، کە هاوکارییەکان بەشێوەیەکی دروست دەگەیەنێتە ئاوارەکان، یان دەیگەیەنێتە ئەو ناوچانەی لە دەستی داعش رزگارکراون".

کۆنفرانسەکە کە لە 20/7/2016 لە ویلایەتی مێریلاند بەڕێوەچوو، بەشێکی تایبەت بوو بە هاوکاریکردنی عێراق، لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی عێراق نوینەری هەرێمی کوردستان بەشداری پێنەکرا، بەو هۆیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناڕەزاییان دەربڕی.




رووداو
Top