ئەردۆغان لێبوردنی بۆ 260 چالاکوانی سیاسی و ئەکادیمی دەرکرد
لەم بارەوە ئاژانسی ئەنادۆڵ ئەمڕۆ شەممە 2016 -7 -30 بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەردۆغان دوێنێ لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانلە کوژراوانی کوودەتاکەی تورکیا کەلە کۆشکی سەرکۆماری بەڕیوە چوو، ڕایگەیاند "وەک خاڵێکی وەرچەرخان دەڕوانمە کوودەتاکە، من هەر لێرەدا ڕایدەگەیەنم، هەموو ئەو دۆسیانەی بەهۆی سووکایەتی بە من کراونەتەوە، بە داخراو ڕادەگەیەنم و تاوانباران دەبەخشم."
سەرکۆماری تورکیا هەروەها گوتیشی: "ئەگەر ئێمە لەم دەرفەتە کەڵک وەرنەگرین، خەڵکی تورکیا مافی ئەوەیان هەیە لە بەرانبەر ئەو کوودەتایەدا بە بەرپرسیارمان بزانن."
ئەوردۆگان داوای لە هەموو دەسەڵاتداران و بەتایبەت سیاسەتڤانانی تورکیا کرد کە وەک ئەو هەڵسوکەوت بکەن.
لە کۆتایی مانگی بەهاری ڕابردووەوە سەرکۆماری تورکیا سکاڵای لەدژی 260 ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی سیاسی و مامۆستایانی زانکۆ تۆمار کردووە کە سووکایەتییان بەو کردووە، بنەمای سکاڵاکانی ئەردۆغان، پێشێلکردنی یاسای سزای تورکیا لەلایەن ئەو کەسانەوەیە.
پێشتر ئەم یاسایە بەناوی "سووکایەتی بە سەرکۆماری تورکیا" تەنیا کاتێک جێبەجێ دەکرا کە کەسێک سووکایەتی بە پاشا، یان ئەتاتۆرک کردبا.
هاوکات لەگەڵ بڕیاری بەخشینی ئەردۆغان، دوێنێ 20 رۆژنامەنووسی تورکیا بۆ وێنە نازلی ئیلجاک ئاردا ئاکین، ڕۆژنامەنووسی حوڕیەتی نزیک لە پاتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە پاش کوودەتاکەی 15ی مانگ دەستگیر کراون، ڕەوانەی دادگای ئیستەنبووڵ کران.
باسنیوز
