لە ئەمریكا دەستڕێژی گوللە لە دوو پۆلیس كرا

 لە ئەمریكا دەستڕێژی گوللە لە دوو پۆلیس كرا
لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردن لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، پۆلیسێک کوژرا و پۆلیسێکی دیکەش برینداربوو. پۆلیسی کالیفۆرنیا ئاشکرایکرد، رووداوی تەقەکردنەکە لە شاری ساندیگۆی ویلایەتەکە بووە و کەسێکیش بە گومانی تەقەکردن لەو دوو پۆلیسە دەستگیرکراوە.

شێڵی زیمەرمان، بەرپرسی پۆلیسی ساندیگۆ، وردەکاری رووداوەکەی ئاشكراكرد و رایگەیاند "بە خەمبارییەکی زۆرەوە دەڵێم کە لە رووداوێکی تەقەکردندا پۆلیسێکمان کوژرا و پۆلیسێکی دیکەشمان بریندارکرا، ئێستاش نەشتەرگەری بۆ بریندارەکە دەکرێت".

زیمەرمان هەروەها گوتی "پێش کاژێر 11:00 شەو، ئەو دوو پۆلیسە لە شوێنێکی شارەکە وەستابوون و کەمێک پاش ئەوەش پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەوە کرا، زۆر زوو هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنەکە و بینیان کە هەردوو پۆلیسەکە تەقەیان لێکراوە. بە داخەوە یەکێک لە پۆلیسەکان پاش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەشیان نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، هێزەکانی پۆلیسیش لە شوێنی رووداوەکە گومانلێکراوێکیان دەستگیرکردووە".
Top