حکوومەتی هەرێم بەشداری کۆبوونەوەكانی پاراستنی فرەچەشنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمريكا دەکات

 حکوومەتی هەرێم بەشداری کۆبوونەوەكانی پاراستنی فرەچەشنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمريكا دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ويلایەتە یەكگرتووەکان ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی رێک خست بۆ نوێنەرانی زیاتر لە 30 وڵات؛ یەكیتی ئەوروپا، یونسکۆ، یو ئێن ئێچ سی ئاڕ، رێکخراوی ئیسلامی بۆ هاوکاری، و نەتەوە یەكگرتووەكان بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو شێوازانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەتوانێت بەکاریان بهێنێت بۆ پاراستنی فرەچەشنیی ئایینی و نەتەوەیی لەو ناوچانەی گروپی تیرۆریستی داعش دەستی بەسەردا گرتبوون.

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەك بەشێك لە شاندی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەكانی کرد، شانبەشانی نوێنەرانی ئێزیدی، ئاشووری، توركمان و باڵیۆزخانەی عێراق.

لە وتارەکانی دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، جێگری وەزیری دەرەوەی ويلایەتە یەكگرتووەکان ئەنتۆنی بلنکن وتی: "هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەشێکە لە کاری سەخت و بێوچان بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی و حکومی خۆجێی، کە دەبنە مایەی دڵنیابوون لەوەی کاتێك داعش دەبەزێندرێت، هەر بە بەزیندوویی بمێنێتەوە".

لە کۆبوونەوەکەدا لەژێر ناونیشانی "هەڕەشەی سەر کەمینەی ئایینی و نەتەوەیی ژێر دەستی داعش"، بەیان سامی عبدالرحمن، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمريكا و ئەمیر مەولود بەرپرسی هۆبەی پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.

کۆبوونەوەکە لە لایەن باڵیۆزی تایبەتی ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتیی دێڤید ساپەرشتین و راوێژکاری تایبەتی کەمینە ئایینییەکان نۆکس سامسەوە میواندارێتی کرا.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەدواداچوونە بۆ کۆنفرانسەکەی پاریس کە لە ئەیلولی 2015 ساز کرا و تێیدا لایەنەکان لەسەر پلانێکی کار رێكکەوتن.

بەیان سامی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژێك پێشتر، لەسەر هەمان بابەت ئامادەی کۆبوونەوەیەكی دیكه‌ ببوو، لەگەڵ لایەن و ئەندامانی ده‌زگاكانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە پرۆژەی ئازادیی ئایینەكان لە زانکۆی جۆرج تاون رێکی خستبوو.
Top