ئەردۆغان بە توندی وەڵامی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکای دایەوە
ئەردۆغان لە بارەگای هێزە تایبەتەکان لە ئەنکەرە لە وتەیەکدا ئەمڕۆ ٢٩ی تەموز ڕایگەیاند ،خائینەکان و کودەتاچییەکان بۆردومانی بنکەی هێزە تایبەتەکانیان کرد لە ئەنکەرەکە بووە هۆی کوژرانی ٥٠ کەس لە براکانمان.
ئەردۆغان وتی " پاکسازیکردنی هێزەکانمان لە کودەتاچییەکان سوپا و دەزگای هەواڵگری ئەمریکای نیگەران و بێزار کردووە، یەکێک لە ژەنڕاڵەکانی سوپای ئەمریکا لەسەر ئەو بارودۆخەی کە لە تورکیادا ڕوودەدات وتویەتی کەسایەتی لە ئاستی بەزری سەرکردایەتیدا لابراون کە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەبووە و ئێستا لە زیندانەکاندان، پێویستە مرۆڤ شەر بکات، تۆ ڕێگەپێدراویت قسە لەسەر ئەم بابەتانە بکەیت تۆ کێیت؟ پێویستە پێش هەموو شتێک تۆ سنوری خۆت بزانیت و خۆت بناسیت".
ئەردۆغان داوای لەو ژەنڕاڵەی سوپای ئەمریکا کردووە، پێویستە بە ناوی دیموکراسییەوە سوپاسی تورکیا بکات کە شکستی بەو کودەتایە هێنا، بە تایبەت کە سەرکردەی کودەتاچییەکان لە وڵاتەکەی ئەوان نیشتەجێیە و لەلایەن ئەوانەوە پشتیوانی دەکرێت.
ئەو وتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە جەیمس کلایبەر بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئەمڕۆ ٢٩ی تەموز ڕایگەیاند، هەڵمەتی پاکسازیکردنەکانی تورکیا زیان دەگەیەنێت بە جەنگی دژ بە ڕێکخراوی داعش لە سوریا و عێراق، بە تایبەت لابردنی ئەو سەربازە تورکانەی کە پێشتر لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کاریانکردووە.
هاوکات جۆزیف فۆتیل فەرماندەی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ژمارەیەک لەو سەرکردە سەربازییانەی کە ئەمریکا کاری لەگەڵ کردبوون ئێستا لە زیندانن.
لە کودەتاکەی ١٥ی تەموزدا یەکێک لە شوێنانەی کە لە ڕێگەی هەلیکۆپتەری سەربازییەوە بۆردمان کرا، بارەگای فەرماندەیی هێوە تایبەتەکانی سوپای تورکیا بوو، زیانێکی زۆری پێگەیشت.
