هیلاری بەفەرمی کاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەند كرد
شەوی پـێنجشەممە لە چوارەمین ڕۆژ و کۆتایـی کۆنگرەی گشتی دیموکراتەکان کە لە شاری فلادلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا بەڕێوەچوو، هیلاری كلینتۆن گوتی، بە ئەوپەڕی نەوازش و سووربوون و بڕوا و متمانەیەکی بێ چەندوچونەوە بە بەها ئەمەریکایـیەکان پەسەندی دەکەم کە منتان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەسـتنیشانکردووە.
وتیشی، ئەمڕۆ شتێـکی گەورەمان ئەنجام دا، ئەویش کاندیدکردنی ژنێـک بە فەرمی لە لایەن پارتێـکی ئەمەریکایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی. داوای لە ئەمەریکایـیەکان کرد بێنە پاڵیـیەوە تاوەکو ژنانی ئەمەریکا ئەو هەلانەیان بۆ بڕەخسێت کە شایەنین.
بەڵێنیشی دا کار بۆ بەرنامەیەکی زیادکردنی هەلی کار بۆ ئەمەریکایـیەکان بکات، بە شێوەیەک گەورەترین بێت لەوەتای شەڕی جیهانی دووەمەوە. گوتی، ئەمە ئەرکی یەکەمی دەبێت وەکو سەرۆکی ئەمەریکا.
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، هیلاری كلینتۆن گوتی، لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆ کاردەکات بۆ شکستهێنان بە داعش، هاو كات هێرشی ئاسمانی ورد لە دژی داعش ئەنجام بدرێت و ڕێگە لە هەوڵەکانی بگیرێت بۆ ڕاکێشانی خەڵکی بۆ نێو ڕیزەکانی.
توانجیشی گرتە دۆناڵد ترەمپ ڕکابەرە کۆماریـیەکەی و گوتی، کەسێک نەتوانێت لە ئاست ڕستەیەک نووسیندا لەسەر تویتەر خۆی کۆنترۆڵ بکات ئیدی چۆن دەکرێت متمانەی پـێبکرێت دوگمەی چەکی ناوکی لەبەردەسـتدابێت.
جەختی لەوە کرد هێزی ئەمەریکا لە هەڕەشەکردندا نیـیە، بەڵکو لە هێمنی و ژیریدایە و بەڵێنی دا سەرکردەیەکی وڵاتەکە بێت بەو خەسەڵەتە باشانە.
ZNA
