فەڕەنسا بڕیاری نوێی لەبارەی مزگەوتەکانی ئەو وڵاتەوە دەرکرد

فەڕەنسا بڕیاری نوێی لەبارەی مزگەوتەکانی ئەو وڵاتەوە دەرکرد
سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا ڕایگەیاند چیتر ڕێگە بە بیانیەکان نادەن هاوکاری دارایی بۆ دروستکردنی مزگەوت لە فەڕەنسا تەرخانبکەن.

مانوێل ڤاڵس سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا لەدوای زنجیرەیەک هێرش بۆسەر فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لە مۆندی فەڕەنسی داوایکرد "شێوازێکی نوێ" لە پەیوەندی وڵاتەکەو ئاینی ئیسلام دروستبکرێت و ڕایگەیاند " تا ماوەیەک ڕێگە لەو هاوکاریە داراییانە دەگرین کە لە دروستکردنی مزگەوتەکاندا تەرخاندەکرێن".

وتیشی " ئیمامی مزگەوتەکانی فەڕەنسا هەر لە وڵاتەکەدا ڕاهێنانیان پێدەکرێت نەک لە وڵاتێکی دیکە".

سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا دانی بەوەدانا بەرپرسانی وڵاتەکەی کەمتەرخەمیانکردووە لە ئازادکردنی بەکەفالەتی یەکێک لە چەکدارەکانی هێرشی سەر کەنیسەکە.

لەدوای دووەم هێرشی "جیهادی" لە فەڕەنسا، هاوڵاتیانی وڵاتەکە داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران وبێرنارد کاسنیۆڤ وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەیان گرت بەهۆی ئەوەی چەکدارەکانی هێرشی سەر کەنیسەکە لە ژێر چاودێری دەزگا هەواڵگریەکانی فەڕەنسادابوون کە هێرشەکەیان ئەنجامدابوو.

هەروەها یەکێک لە هێرشبەرەکان کە ناوی عادل کرمیشەو تەمەنی ١٩ ساڵبووە بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراوە لە کاتێکدا بۆ جاری دووەم هەولیداوە خۆی بگەیەنێتە سوریا و ئەو کاتەی هێرشەکەی ئەنجامداوە بە کەفالەت تا کاتی دادگایی ئازادکراوە.

ئەو بەیانیەی لەگەڵ چەکدارێکی دیکەی داعش بەناوی عەبدولمەلیک نەبیل هێرشیانکردبووە سەر کەنیسەکەو قەشەیەکی تەمەن ٨٦ ساڵیان بەناوی ژاک هامێل سەربڕی، بەرپرسانی ئاسایشی فەڕەنسا ڕێگەیان بە کرمیش دابوو لە خانووەکەی بێتەدەرەوە.

لە ئێستادا ئەندامێکی تەمەن ٣٠ ساڵەی خێزانی عەبدولمەلیک و کەسێکی ١٦ ساڵە کە براکەی پێکەوە لەگەڵ کرمیشدا کۆچیان بەرەو فەڕەنسا کردووە، دەستگیرکراون.
Top