نهێنییەكی دیكەی فڕۆكە مالیزییە ونبووەكە ئاشكرا دەبێت

نهێنییەكی دیكەی فڕۆكە مالیزییە ونبووەكە ئاشكرا دەبێت
ئامێرێك لەماڵی فڕۆكەوانی ئەو فڕۆكە مالیزییە دۆزرایەوە كە ساڵی 2014 لەكاتی گەشتكردنی لە كوالا لامپور بۆ پەكین دیارنەما، لەو ئامێرەشدا هێڵكاری گەشتێك بۆ باشوری ئۆقیانوسی هندی كێشراوە.

ئاژانسی JACCی ئوسترالی پەیوەست بە گەڕان بەدوای فڕۆكە مالیزییە ونبووەكەدا لەنامەیەكی ئەلكترۆنیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەزر ئاماژەی بەوەكردووە، دۆزینەوەی ئەو هێڵكاری‌و ئامێرە نایسەلمێنن كە فڕۆكەوانی فڕۆكە مالیزییەكە كە لەجۆری بۆوینگ 777 ە، بەئەنقەست فڕۆكەكەی لە ئۆقیانوسی هندی خستۆتە خوارەوە( ئەو ناوچەیەی گوماندەكرێت فڕۆكەكەی تێدا دیارنەمابێت).

بەگوێرەی نامەكەی ئاژانسە ئوسترالییەكە، دوای پشكنین ئامێرەكە ئەوەی دەرخستووە كە كەسێك هێڵكاری گەشتێكی كێشاوە بۆ باشوری ئۆقیانوسی هندی.

تائێستاش بڕی 135 ملیۆن‌و 700 هەزار دۆلار لەرووبەری 120 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە لە باشوری ئۆقیانووسی ئارام خەرجكراوە بۆ گەڕان بەدوای فڕۆكە مالیزییەكەو 239 سەرنشینەكەی ناوی.

جگە لەدۆزینەوەی چەند بەشێكی فڕۆكەكە كە شەپۆلی ئاو بەرەو كەناراوەكانی ئەفریقای بردووە، تائێستا لاشەی سەرەكی فڕۆكەكە نەدۆزراوەتەوەو چارەنوسی تەواوی سەرنشینەكانیشی دیارنییە.

بەبڕاوی لێكۆڵەرانیش، فڕۆكەكە بەرلەوەی لە باشوری ئۆقیانوسی هندی‌و نزیك ئوسترالیا دیارنەمێنێت، بەدەستی ئەنقەست هەزاران میل دوور لەڕێڕەوی ئاسایی خۆی رۆیشتووە.

لەساڵی 2015دا لێكۆڵەران ئەوەیان ئاشكرا كرد كە هیچ زانیارییەكی مەترسیدارو جێی گومانیان لە دۆسێی هەردوو فڕۆكەوان‌و تیمی فڕۆكەوانی فڕۆكە مالیزییەكەدا نەدۆزیوەتەوە كە ببێتە هۆی گومانلێكردنیان.
Top