ئەمریكا هاوكاری عیراق دەكات لە دروستكردنی پردێكی ستراتیژی بۆ رزگاركردنی موسڵ

ئەمریكا هاوكاری عیراق دەكات لە دروستكردنی پردێكی ستراتیژی بۆ رزگاركردنی موسڵ
تیمێك لە ئەندازیارانی سوپای ئەمریكا لە عیراق بەهاوكاری هێزە ئەمنییەكانی عیراق پردێكی ستراتیژی بەسەر ڕووباری دیجلەدا دروست دەكەن كە گەیارەو مەخمور پێكەوە دەبەستێتەوەو گرنگییەكی ستراتیژی هەیە لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی موسڵ لەدەست داعش.

كۆلۆنێل كریستۆفەر گارڤەر، وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە عیراق‌و سوریا، دوێنێ، سەبارەت بە گرنگی ستراتیژیی پردەكە ڕایگەیاند"پردەكە بنكەی ئاسمانی رۆژئاوای گەیارە دەبەستێتەوە بە مەخمورەوەو توانای مانۆڕكردن باشتردەكات‌و هێڵەكانی پەیوەندیكردن بۆ هێزە ئەمنییەكانی عیراق كورت دەكاتەوە، ئەمەش وەكو خۆئامادەكردنێك بۆ هێرشی كۆتایی بۆ ڕزگاركردنی شاری موسڵ".

ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ بەرفراوانی‌ ئازادكردنەوەی‌ شاری‌ موسڵ، كە لەمانگی‌ شەشی‌ ساڵی‌ 2014وە لەژێر دەستی‌ داعشدایە، تادێت چڕتردەبێتەوە‌و هێزە عیراقیەكان بۆ ئەو مەبەستە، لەلایەن هاوپەیمانانەوە راهێنانیان پێدەكرێت‌و هاوكاری‌ دەكرێن.

كۆلۆنێل گارڤەر ئاشكراشیكرد"لە 20ی ئەم مانگەدا لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی هاوكاری‌و ئامۆژگاری ئێمە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عیراقدا، تیمێك لەئەندازیارانی ئێمە نێردران تا ئامۆژگاری‌و هاوكاری سەربازانی فیرقەی 15ی سوپای عیراق بكەن لە دانانی پردەكە بەسەر ڕوباری دیجلەدا".

ئەندازیارانی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە 15ی تەموزدا پردەكەیان بەسەر ڕووبارەكەدا داناوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵێكی سەرەتایی بۆ ئەو مەبەستە لە 13ی تەمووزدا ڕاگیرا بەهۆی تەقەكردنی "دوژمنەوە"‌و دوای دامەزراندنی پردەكەش بەسەر ڕووبارەكەدا، یەكەكانی سوپای عیراق دەستیان كردوە بە دانانی ڕێوشوێنی پاراستنی پردەكە بەشێوەیەكی باشتر، بەڵام كێشەی تەكنیكی بۆ دروست بووە، ئەمەش بەوتەی وتەبێژەكەی هێزەكانی هاوپەیمانان.

ئەوە دووەمین پردە كە سوپای عیراق لەمیانەی ئۆپەراسیۆنەكانی دژی داعشدا دروستیدەكات‌و پردی یەكەم لە میانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی ڕومادیدا بوو لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو.

كۆلۆنێل گارڤەری ئەوەشی خستەڕوو دروستكردنی پردەكەی سەر ڕوباری دیجلە لەنزیك گەیارە زۆر سەختتر بووە لە دروستكردنی پردەكەی ڕومادی، ئەویش بەهۆی "قەبارەو خێرایی‌و هەلومەرجی ڕووبارەكەو ڕەوشی دوژمن لەناوچەكەدا"

وتەبێژەكەی هاوپەیمانان لەشەڕی دژی داعش، وتیشی"لە20ی تەموزدا تیمی ئەندازیاری‌و یارمەتی سەربە فەرماندەیی هێزی وشكانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا چوونەتە بارەگاكانی بەتالێۆنێك لە نزیك شوێنی پردەكەو لەوێوە ئامۆژگاری هێزە عیراقییەكانیان كردوە سەبارەت بە دانانی ڕێوشوێنی پاراستنی پردەكە بەشێوەیەكی باشتر، ئەركەكە چەند رۆژێكی خایاندوەو زۆربەی تەواوكراوە".

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەكانی گەیارە لەدژی داعش، گارڤەر وتی"هێزە ئەمنییەكانی عیراق بەردەوامن لەئۆپەراسیۆنەكانی پاكردنەوەی چەكدارانی داعش لە (ئەسواقە غەربی) لەلای رۆژهەڵاتی گەیارەوە".
Top