بۆ رێگری لە كەمئاوی سێ هەزار بیر لە ورمێ پڕدەکرێنەوە

بۆ رێگری لە كەمئاوی سێ هەزار بیر لە ورمێ پڕدەکرێنەوە
کەمئاویی لە ئێران هۆکاری کێشە و گرفتاری زۆرە، ئەوە حکومەتی ئێرانی ناچار کردووە رێکارگەلێک بەتێچووی زۆرەوە بگرێتەبەر. یەکێک لە هۆکارەکانی کێشەی کەمئاوی لە ئێران و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان، سوودوەرگرتن لە ئاوە ژێر زەمینییەکانە.

بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوە ناوچەییەکانی پارێزگای ورم، ئاستی ئاوە ژێر زەمینییەکان 16 مەتر کەمیکردووە.

کەیومەرس دانشجو، پێیشوایە لە پلانەکانی ساڵانی رابردوو، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵدا بیر لە داهاتوو نەکراوەتەوە، بۆیە ئێستا جووتیاران بەرەوڕووی کێشە بوونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوە ناوچییەکانی ئەو پارێزگایە، ئەمساڵ دەیەوێت سێ هەزار ئەڵقە بیری ئاو پڕ بکاتەوە. هەڵبەت ئەو بیرە ئاوانەی کە مۆڵەتی یاساییان بۆ وەرنەگیراوە.

بەپێ راپۆرتی کۆمپانیای ئاوە ناوچەییەکانی پارێزگای ورمێ، لە نەورۆزی ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا لانیکەم 285 ئەڵقە بیری ئاو پڕکراوەتەوە و بەستراون. ئەمە واتە سێ‌ هەزار جووتیار سەرچاوەی ئاوی خۆیان لە دەستدەدەن.

نادر قازی پوور، نوێنەری شاری ورمێ، دەڵێ: حکومەت نابێت پێش ئەوەی دەرفەتی کار بۆ جوتیاران بڕەخسێنێت، پێش بە کشتوکاڵی ئەوان بگرێت.

بەڵام بەڕێوەبەری ئاوە ناوچەییەکانی پارێزگای ورمێ گوتی: گۆڕینی شێوازی سوودوەرگرتن لە زەوییەکان، بووەتە هۆی ئەویکە کێشەی کەم ئاوی روو بدات و پێشگیری لە پڕکردنەوە و بەستنی بیرە ئاوەکان، هەوڵێکی بێ مانایە. چونکە ئەگەر بیرەئاوەکان پێشیان پێ نەگیرێت ئاوە ژێرزەمینییەکان زۆر زیاتر لە رابردوو بەرەوڕووی مەترسی دەبنەوە.
Top