"نانه‌وایه‌ك"ی داعش له دانیمارك سزاده‌درێت
به‌پێی هه‌واڵێكی رۆیته‌رز، ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌ی دادگا له‌كاتێكدایه كه مه‌ترسی زیادبوونی توندڕه‌وی له‌نێو موسڵمانان له وڵاتانی ئه‌وروپا بوونی هه‌یه، سه‌رباری ئه‌و هێرشانه‌ی داعش له‌ئه‌وروپا ئه‌نجامیداوه وه‌ك هێرشه‌كانی پاریس‌و برۆكسل‌و به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كانی له ئه‌ستۆ گرتووه.
بۆ دادگای شاری كۆپنهاگن ده‌ركه‌وتووه ئه‌و تۆمه‌تباره كه ته‌مه‌نی 24 ساڵه، هه‌ڵگری ناسنامه‌ی دانیماركی‌و توركییه‌و تاوانباركراوه به په‌یوه‌ندیكردنی به رێكخراوی داعشه‌وه له ساڵی 2013 و ئه‌نجامدانی تاوانی تیرۆریستی له سوریا، ئه‌وه‌ش به‌یه‌كه‌م كه‌یسی سزادانی چه‌كدارێكی داعش داده‌نرێت له‌دانیمارك.
ئه‌و كه‌سه كه ناوی ئاشكرانه‌كراوه له مانگی ئازاری ساڵی 2015 له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی دانیماركه‌وه ده‌ستگیركراوه.
ئه‌و پیاوه ره‌تیكردووه‌ته‌وه كه كاری تیرۆریستی له‌گه‌ڵ داعشدا ئه‌نجامدابێت‌و له‌دادگا رایگه‌یاندووه كه ته‌نها وه‌ك"نانه‌وایه‌ك كارم بۆ رێكخراوه‌كه كردووه له‌سوریا".
هه‌رچه‌نده دادگا وه‌ك تاوانبار ناساندوویه‌تی، به‌ڵام هێشتا سزای بۆ دیاری نه‌كردووه‌و پێشبینی ده‌كرێت له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا سزای ئه‌و كه‌سه له‌لایه‌ن دادگاوه دیاری بكرێت.
له‌مانگی نیسانی رابردووش‌دا هێزه ئه‌منییه‌كانی دانیمارك چوار كه‌سیان ده‌ستگیركرد كه گومانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرا به‌نیازی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی بن‌و ئه‌ندامی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بن له‌و وڵاته.
پێشتریش له مانگی كانوونی یه‌كه‌م ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌و وڵاته رایگه‌یاندبوو كه 125 كه‌سی دانیماركی په‌یوه‌ندییان به رێكخراوی تیرۆریستی داعشه‌وه كردووه‌و به‌ره‌و عیراق و سوریا رۆیشتوون و 27 كه‌سیان كوژراون.
