سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هۆڵەندایە
دەمیرتاش گوتی: "ئێمە پێمان وایە ئەو وەزارەتانە مافی خۆمانە بۆیە بەشداریمان لە حكوومەت كرد و ئەو سەركەوتنەی لە حەوتی حوزەیرانی رابردوودا بە دەستمان هێنا بە هەڵكەوت نەبوو بەڵكو ئەو سەركەوتنە سەرەڕای گوشار و ئاستەنگییەكان بەدەست هێنراوە".
دەمیرتاش گوتی: "بۆ ئێمە بێجگە لە سەركەوتن هیچ بژاردەیەكی دیكە بوونی نییە، بۆ ئەوەی هەدەپە تووشی شكست ببێت هەر جۆرە سیاسەت و پلانێكیان جێبەجێ كرد، ئەگەر ئێمە بمانزانیبایا كە ئاك پارتی بەتەنیا دەسەڵات دەگرێتە دەست و ئاشتی و دیموكراسی لە توركیا پەیڕەو دەكات ئەوا دەمانگوت جێگای نیگەرانی نییە بەڵام دەزانین كە سەركەوتنی ئاك پارتی لە توركیا بە مانای پەیڕەوكردنی فاشیزم و گەرەنتی كردنی دەسەڵاتی تاكە كەسی لە رێگای دەستوورەوە. سەركەوتنی ئاك پارتی بە مانای رووبەڕوو بوونەوەی توركیا لەگەڵ شەڕێكی گەورەی نێوخۆیی بۆیە ئێمە رێگە نادەین ئەوان سەركەوتوو بن".
دەمیرتاش گوتی: "ئەو وەزارەتانە ئەمانەتی ئەو كەسانەن كە دەنگیان بە ئێمە داوە، وەزارەتەكان ماڵی تاپۆ كراوی ئاك پارتی نین، ماڵی خەڵكن و هەدەپە بۆ خاوەنداریەتی كردنی لەو ئەمانەتییە لە حكوومەتدا بەشدارە، هەر دوو وەزارەتی كاروباری ئەورووپا و گەشەپێدان نیشانەیەكی زۆر باشن بۆ نیشاندانی ئەوەی كە هەدەپە دەسەڵاتێكی چۆنی دەوێت و بە چ جۆرە هەڵوێستێكی حكوومەت لە داهاتوودا وڵات بەڕێوەدەبات، وەزیرەكانی ئێمە، وەزیرەكانی خەڵك بۆ ئەوەی لەوێن كە نەتوانن بە ئاسانی بڕیاری شەڕ دەربكەن و ئاك پارتی نەتوانێت هەموو ئیمكان و دەرفەتەكانی حكوومەت بۆ خۆی بەكار بهێنێت. وەزیرەكانی ئێمە لەسەر سەریان دادەنیشن، وەزیرەكانی ئێمە بەشداری لە كۆبوونەوەكانی كۆشكی سەركۆماری ناكەن، كۆشك بۆ ئێمە كەسایەتی یەكەمی حكوومەت نییە. بۆ ئێمە كۆشك خاوەن دەسەڵاتەكانی سەرۆكوەزیران نییە".
دەمیرتاش گوتی: "ئەوانەی دەیانەوێت دەنگ بە ئاشتی بدەن تەنیا یەك ئەدرەسیان هەیە و ئەویش هەدەپەیە چونكە بێجگە لە هەدەپە هیچ حزبێكی دیكە نییە كە بتوانێت پێداگری لەسەر برایەتی لە توركیا بكات".
دەمیرتاش گوتی: "بۆ راگرتنی شەڕ و راگرتنی رژاندنی خوێنی منداڵانی توركیا پێویستە هەدەپە زیاتر بەهێز بێت. توركیا چی دیكە نابێتەوە توركیای رابردوو توركیای نوێ دەبێت بەڵام هی ئاك پارتی نا بەڵكو دەبێتە توركیای گەلان، توركیا دەبێتە وڵاتێك كە ئاشتی، ئازادییەكان و برایەتی تێیدا حاكم دەبێت و تاقە رێگای ئەمەیش دامەزراندنی دەسەڵاتی چەوساوەكانە لە توركیایە".
AA
