هاوسەرۆكی هەدەپە: "رێگە بە دابەشكردنی گەلانی توركیا نادەین"
دهربارهی پێكنههێنانی حكوومهت دووباره سازدانهوهی ههلبژاردنیش، هاوسەرۆكی هەدەپە رایگەیاند: "توركیا ناچار نەبوو كە 1ی تشرینی دووەم دووبارە هەڵبژاردن بكاتەوە، چونكە كۆمەڵگەی توركیا 7ی حوزەیران ئیرادەی خۆی بۆ سیستەمێكی دیموكراتیكێكی پڕڕەنگ دەربڕی بوو، خەڵك ویستی بە سیستەمێك كە لە ئیرادەی هەموو لایەك پێكهاتبێت ئیدارە بكرێت و هەموو دەنگدەرانی توركیایش لە راستیدا لە 7ی حوزەیران ویستیان رێگری لە پێشهاتە خراپەكانی توركیا بكەن. خەڵك و ویستی خەڵك لەگەڵ سیستەمێكی دیموكراتیك بوو كە هەموو گەلانی توركیا بەشدار بن، بەڵام سەرەتا كۆشكی سەرۆككۆماری و دەسەڵاتی ئاكپارتی دەسەڵاتی تاكڕەوانەی خۆیان گەیاندووەتە ئاستێك، كە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین گوێ لە ویست و ئیرادەی دەنگدەرانی توركیا بگرن".
(یوكسەكداغ) گوتی: "ئێمە وەكو هەدەپە پشتگیریمان لە بیروڕایەك كرد كە پشتی بە خۆسەری دیموكراتیك و بەشداریی راستەوخۆی خەڵك لە سیاسەتدا بەستبوو و بانگەشەشمان بۆ دامەزراندنی ئەو سیستەمە لە هەر بوارێكدا كرد، ئەمڕۆیش هەمان بانگەوازی دووبارە دەكەینەوە، ئەوانەی ئەمڕۆ توركیا بەڕێوە دەبەن توانایی و شیاویی بەڕێوەبردنیان لە دەست داوە، بۆیە هیچ شتێك بە ئەوەندەی ویستی خەڵك بۆ بەشداریكردن لە سیستەمی سیاسی و ئیداریدا ئاسایی نییە. بۆیە لەمەوبەدواوە خەڵك خۆی لە جیاتی ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆر، ئۆتۆریتەر و دژەدیموكراسییە، بەڕێوە دەبات؛ بەڵام ئاكپارتی و كۆشك ئامادە نین گوێ بۆ ئەو ویست و داواكارییە بگرن كە هەر رۆژ لە ناوچە جیاجیاكانی وڵاتەكەماندا لە لایەن خەڵكەوە دەردەبڕدرێن. كۆمەڵگەی توركیا نایەوێت وەكو رابردوو ئیدارە بكرێت ئایا بۆ تێگەیشتن لەم راستییە پێویستە چی دیكە لەم وڵاتەدا روو بدات؟"
(یوكسەكداغ) ههروهها گوتی: "ویستی خەڵك بۆ خۆ بەڕێوەبردن، هەوڵێك نییە بۆ دابەشكردن و وێران كردن و هەڵوێستێك نییە كە وەكو راگەیاندنی شەڕ شڕۆڤە بكرێت، كۆمەڵگەی كوردی بە جیا لە ساڵانی رابردوو بە شێوەیەكی بەهێز دەیەوێت لەگەڵ هەموو گەلانی توركیا لە توركیایەكی یەكگرتوودا ژیان بكات. دەیەوێت لەگەڵ گەلانی دیكە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێت، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ دەبینین بۆ جیاكردنەوەی كورد لە كۆمەڵگەی توركیا و سەركوتكردنی داواكارییەكانی بە ئۆپەراسیۆنی سیاسی و سەربازیی وەڵامی كورد دەدرێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ زۆر بە روونی و ئاشكرایی هەوڵ بۆ دابەشكردن و جیاكردنەوەی گەلانی توركیا دەدات كورد و سیاسەتی كورد نییە، بەڵكو عەقڵیەتی پارتی دەسەڵاتدارە".
(یوكسەكداغ) جەختی كردەوە كە "سیاسەتی شەڕ دەبێتە هۆكاری دابەشكردنی توركیا یا دۆزینەوەی رێگایەك بۆ پارچەكردنی توركیا، هەنووکە لە توركیا سیاسەتێك پەیڕەو دەكرێت كە هەوڵ بۆ جیاكردنەوەی كۆمەڵگەی توركیا لەسەر بنەمای رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەدات و، ناوەندی ئەو سیاسەتانەش كۆشكی سەركۆمارییە و ئاكپارتییە كە سەر بە كۆشكی سەركۆمارییە، بەڵام ئێمە وەكو هەدەپە بە هیچ شێوەیەك رێگە بە دابەشكردنی كۆمەڵگەی توركیا نادەین، با هەركەس ئەمە بە باشی بزانێت، رەنگە ئەوانە منداڵانی ئەم وڵاتەیان لە چاوی خۆیان دەرخستبێت و بۆ پاراستنی دەسەڵات و كۆشكی خۆیان كۆمەڵگەیان تووشی شەڕ و ئاژاوە كردبێت، بەڵام ئێمە وەكو هەدەپە بە هیچ شێوەیەك رێگە بە شەڕ و دابەشكردنی كۆمەڵگەی توركیا نادەین، بۆیە لە دوای هەڵبژاردنەكانی 7ی حوزەیران زۆرترین ئۆپەراسیۆن لە دژی هەدەپە ئەنجام دراوە. لە مێژووی توركیادا یەكەمجارە كە گەلانی توركیا بەمجۆرە یەكیان گرتووە و ئەویش لە سایەی هەدەپەدا".
