لە سەردانی رێبەرانی ئێمارات و میسر و ئۆردۆن بۆ روسیا پرسی سوریا تاوتوێ کرا

لە سەردانی رێبەرانی ئێمارات و میسر و ئۆردۆن بۆ روسیا پرسی سوریا تاوتوێ کرا
لە سەر بانگهێشتی "ڤلادیمیەر پوتین"ی سەرۆک کۆماری روسیا، رێبەرانی هەر یەک لە وڵاتانی ئێماراتی یەکگرتووی عەرەبی، میسر و ئۆردۆن سەردانی مۆسکۆیان کرد.
بە پێی هەواڵی "ئەلعەرەبیە"، "محەمەد بن زاید" وەلی عەهدی ئه‌بوزەبی، "عەبدولفەتاح ئەلسیسی" سەرۆک کۆماری میسر و "شا عەبدوڵڵای دووەم" پادشای ئۆردۆن بەشداریان لە نمایشێکی ئاسمانی کرد کە لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەرێوەچوو.

رۆژی رابردوو "پوتین" لە چوارچێوەی ئەو نمایشە ئاسمانییە جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە نمایشه‌کە دەبێتە هۆی واژۆ کردنی زەنجیرەیەک "رێککەوتنی جیدی". لە چوارچێوەی ئەو دیدارەدا چەندین بابەتی گرنگی نێودەوڵەتیش تاوتوێ کرا. "شا عەبدوڵڵا"ی دووەم لەو دیدارەدا جەختی لە سەر رۆڵی گرنگی رووسیا کردەوە لە نزیک کردنەوەی لایەنە دژبەرەکانی سوریا بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیران و شەڕ لەو وڵاتە.

لە بەرامبەردا "پوتین" بابەتی سوریای لەگەڵ "شیخ محەمەد بن زاید" تاوتوێ کرد و گوتی کە "زۆر خۆشحاڵە کە ئەو هەلەیان دەستکەوتووە بۆ تاوتوێ کردنی پرسە ناوچەییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێمارات".

لە هەمان کاتدا "پوتین" و "ئەلسیسی"یش بڕیار وایە لە سەر بابەتی پەرەپێدانی هاوکاری دوو لایەنە کۆ ببنەوە. لەو دیدارەدا کە بە سێیەم سەردانی سەرۆک کۆماری میسر بۆ رووسیا هەژمار دەکرێت، بڕیار وایە بابەتی پلانەکانی روسیا بۆ دروست کردنی وێستگەیەکی ناوەکی لە میسر تاوتوێ بکرێت.
Top