جەنەڕاڵێکی ئەمریکی: داعش گازی خەردەلی دەستکەوتووە

جەنەڕاڵێکی ئەمریکی: داعش گازی خەردەلی دەستکەوتووە
لە لێدوانێکی تایبەتدا، کە بە ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند، جەنەڕاڵێکی پێشووی هێزەکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرچاوەی گازی خەردەلی قەدەغەکراوی "داعش" ئاشکرا دەکات.

مارک هیرتلینگ، شیکەرەوەی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و جەنەڕاڵی پێشووی ئەمریکایە، لە جەنگی ئازادکردنی عێراقدا بەشداربووە، لەبارەی بەکارهێنانی گازی خەردەل لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستیی داعشەوە بە سەرچاوەی ناوبراوی راگەیاند: " لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایانکردووە کە رێکخراوە تیرۆرستییەکە لە رووبەڕووبوونەوەی هێزە کوردییەکاندا، گازی خەردەلی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە."

وتیشی " چەندجارێک لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراقدا خزمەتی سەربازیم کردووە و لەو ماوەیەشدا هێزەکانی ئەمریکا دەستیانگرتووە بەسەر چەندین کۆگا و گەنجینەی نهێنی ئەو جۆرە گازەدا، ئەگەر لە ئێستادا کەسانێک هەبن پێشتر پەیوەندییان بە حزبی بەعسی عیراقییەوە هەبووبێت و لەماوەی رابردوودا چووبنە ناو رێکخراوە تیرۆریستییەکەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە شوێنی کۆگا نهێنییەکانی دیکەی حزبەکە زۆر بەباشی دەزانن، چونکە مارێنزە ئەمریکییەکان نەیانتوانییوە شوێنی تەواوی ئەو کۆگایانە ئاشکرابکەن و لەناویانبەرن."

ناوبراو لە وتەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: " پێموایە ئەوەی ئێستا روودەدات، بەکارهێنانی چەکەکانی ئەو کاتە بێت، کە لە کۆگا زۆر نهێنی و تایبەتەکانی حزبی بەعسی عیراقدا شاردرابوونەوە، چونکە بەشێک لەو چەکانەی ئەو کاتە، رێژەیەکی زۆر گازی خەردەلیان تێدابوو، هەربۆیە بەکارهێنانی گازی خەردەل لەلایەن داعشەوە بۆ من، نوێ نییە"














خەندان
Top