ئۆباما ستایشی دوو مارێنزەکە دەکات

 ئۆباما ستایشی دوو مارێنزەکە دەکات
باراک ئۆباما, سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ستایشی ئەو دوو ئەمریکییەی کرد کە توانیان هێرشبکەنە سەر تەقەکەرەکەی رووداوی هێرشکردنە سەر شەمەندەفەرێک لە فەرەنسا و دواتر رادەستی پۆلیسی فەرەنسای بکەن.

دوو کەسی ئەمریکی کە سەربازی مارێنز بوون، بە گەشتێک لە هۆڵەنداوە بەرەو فەرەنسا دەچوون، لە کاتی هێرشکردنە سەر شەمەندەفەرێک لە شاری ئاراسی فەرەنسا رۆژی هەینی رابردوو, توانیان هێرش بکەنە سەر تەقەکەرەکە و دەستگیری بکەن، ئەمەش وایکرد لە ئەمریکا وەک پاڵەوانی رۆژ ناوببرێن.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆباما لەو رووداوە ئاگادارکراوەتەوە و رایگەیاندووە کاری ئەو دوو مارێنزە ئەمریکییە کە لەکاتی خزمەتی سەربازیشدا نەبوون، ئازایەتی و دەستووبردی ئەمریکییەکان نیشان دەدات، ئەم کارەش توانیویەتی رێگە لە کارەساتێکی گەورە بگرێت .

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوەکردوە "ئەگەر وەڵامدانەوە خێراکەی ئەو دوو ئەمریکییە نەبوایە، ئەگەری ئەوە هەبوو تراژیدیایەکی گەورە رووبدات".
جگە لەو دوو ئەمریکییە، کەسێکی بەریتانیش لە هێرشکردنە سەر تەقەکەرەکە بەشداری کردووە و وەزارەتی ناوخۆی فەرەنساش مەدالیای ئازایەتی پێشکەش بەو سێ کەسە کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند:" ئەو کەسەی گومان دەکرا تەقەکەی کردبێت لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە، دوای ئەوەی شەمەندەفەرەکە لە شاری ئاراس، کە 185 کیلۆمەتر لە باکووری پاریس دوورە، رادەگیرێت و شەمەندەفەرەکە لە سەرنشینەکانی چۆڵ دەکرێت.

نووسینگەی سەرۆکایەتی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" دوو کەس لە قوربانییەکان لە رەوشێکی مەترسیداردان".

گومانلێکراوەکە کەسێکی 26 ساڵانی بە رەچەڵەک مەغریبییە بە ناوی سولەیمان هەمزی. گوتەبێژی هێزەکانی پۆلیسی رێگەی ئاسنی فەرەنسا، رایگەیاند:" هەمزی چەکێکی ئوتۆماتیکی و چەقۆی پێبووە".
پۆلیسی فەرەنسا لە مانگی کانوونی دووەمەوە، کاتێک هێرشکرایە سەر نووسینگەی گۆڤاری شارلی ئیبدۆ و فروشگایەکی جوولەکەکان لە، لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە.

پۆلیسی فەرەنسا رەتینەکردەوە کە ئەگەری هەیە هێرشەکە پەیوەندی بە گرووپە ئیسلامییە تووندڕەوەکانەوە هەبێت.










رووداو-
Top