توركیا.. دیاریكردنی وادەی هه‌ڵبژاردنەکانی پێشوه‌ختە

توركیا.. دیاریكردنی وادەی هه‌ڵبژاردنەکانی پێشوه‌ختە
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رەشنووسێكی ئاراستەی حزبەكان كردووە و تێیدا یەكی تشرینی دووەمی داهاتووی وەك وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێشنیاز كردووە، تا ئەوانیش تاوتوێی بكەن و رای خۆیانی لەسەر دەربڕن.

چەند رۆژێك ماوە ئەو 45 رۆژە كۆتایی بێت كە بۆ پێكهێنانی حكوومەت دیاری كراوە، هەربۆیە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەگەرەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كارەكانی بۆ ئامادەكاری بەو مەبەستە خێراتر كردووە.

لەو چوارچێوەیەدا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ساڵنامەیەكی ئامادەكردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە كە دەسەڵاتی كورتكردنەوەی ئەو 90 رۆژەی هەیە كە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەماندایە و بەوپێیە لەماوەی 60 رۆژدا ئامادەكارییەكان تەواودەكات.

لە ساڵنامەكەدا كۆمسیۆن پێشنیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات لە رۆژی یەكشەممە یەكی تشرینی دووەمی داهاتوو، ماوەكانی وەك ماوەی سكاڵا و ناڕەزاییەكان و ناو تۆماركردنی كاندیدەكان كورتكراونەتەوە.

رەشنووسەكە پێشكەشی نوێنەرانی چوار حزب كراوە. بڕیارە ئەو نوێنەرانە لەگەڵ بەرپرسانی خۆیان تاوتوێی بكەن و ئەگەر ناڕەزایی یان پێشنیازێكیان هەبوو، ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی دەكەن.

دواتر لە سۆنگەی پێشنیازەكانەوە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وادەی هەڵبژاردنەكە رادەگەیەنێت.















































AA

Top