کۆشکی سپی داوا لە ئەمریکییەکان دەکات راپۆرتی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بخوێننەوە

 کۆشکی سپی داوا لە ئەمریکییەکان دەکات راپۆرتی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بخوێننەوە
رۆژی 5-ی ئاب، باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتۆن کامپەینێکی بۆ پشتیوانیکردن لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران رێکخست و لە بەرامبەریشدا ژمارەیەک لە کۆنگرێسمانە کۆماریخوازەکان هاتنە دەنگ و بڕیارە کەمپینێکیش بۆ دژایەتیکردنی رێککەوتنە ئەتۆمیەکە سازبکرێت.

باراک ئۆباما، لە میانی قسەکانیدا لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن بە ئاشکرا هەوڵەکانی خۆی بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیکردن لەو رێککەوتنە راگەیاند، داوای لە هەموو خەڵکی ئەمریکا کرد کە پاڵپشتی لەو رێککەوتنە ئەتۆمییە بکەن و نەهێڵن رێککەوتنەکە هەڵوەشێتەوە، چونکە هەڵوەشانەوەی ئەم رێککەوتنە سەرەتایەک دەبێت بۆ دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.

هەروەها ئۆباما ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر رێککەوتنەکە هەڵبوەشێتەوە، ئەوە ئەمریکا لە شەڕێکی گەورەوە دەگلێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و هەندێک لە کەسایەتی بەرچاوی ئەو وڵاتەش رێککەوتنی ئەتۆمی بە باشترین هەڵبژاردە دەزانن".

جۆی کرینیکۆین، سەرۆکی سندوقی بلاوشێرز گوتی "ئەمە دواین و باشترین هەڵبژاردەیە بۆ ئەوەی خۆمان لە جەنگ بپارێزین ، ئیسرائیل رێگە نادات ئێران دەستی بە بۆمبی ئەتۆم بگات، ئەمریکاش رێگە نادات کە دەستیان بە بۆمبی ئەتۆم بگات. ئەگەر ئێوە ئەم رێککەوتنە لەناو ببەن ئەوە رێگاکانی نەهێشتنی دەستڕاگەشتن بە بۆمبی ئەتۆم دەوەستێنن و ئێران بەردەوام دەبێت و پرۆگرامە ئەتۆمیەکەی خۆی پەرە پێدەدات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت مەترسی شەڕ بە تەواوی زیاد دەکات".

هەر سەبارەت بەم رێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ئەنجوومەنی هەواڵگری ئەمریکا زانیاری سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بە کۆنگرێس داوە، کە حکومەتی ئێران سەرقاڵی لابردنی هەموو ماددەیەک و شاردنەوەی دۆکیومێنتی زانیارییە هەستیارییەکانە سبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە بنکە سەربازییەکاندا پێش ئەوەی پشکنەرانی نێودەوڵەتی سەردانی ئەو شوێنانە بکەن، بەگوێرەی ئەو راپۆرتە ئێران هەر لەیەکەم رۆژی دوای گەییشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا، دەستی بەو پرۆسەیە کردووە، بۆیە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کۆنگرێس رێککەوتنەکە بەشتێکی بێ بنەما ناودەبەن.

لەلایەکی دیکەشەوە کۆشکی سپی هەر 159لاپەڕەی رێککەوتنە ئەتۆمیەکەی داناوە و داوا لە خەڵکی وڵاتەکەیان دەکەن بیخوێننەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی بیرۆکەیان لەسەر ریککەوتنە ئەتۆمیەکە هەبێت و پاش خوێندنەوەیەکی باشی ئەم رێککەوتنە ئینجا بڕیار بدەن، کە ئایا ئەمریکا رێککەوتنێکی مێژوویی واژۆ کردووە، یاخود رێککەوتنەکەی خراپ بووە.













رووداو
Top