ئێران بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا پڕۆژەیەك دەداتە نەتەوە یەكگرتووەكان

ئێران بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا پڕۆژەیەك دەداتە نەتەوە یەكگرتووەكان
پاش چڕبوونەوەی هەوڵەكانی ئەمەریكا و توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئاشارم لە باكووری سووریا، ئێران و رووسیا هەوڵەكانیان بۆ چارەسەریی پرسی ناوخۆی سووریا خستووەتەوە گەڕ.

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرایان كردووە، بۆ سەقامیگیری ئاشتی و چارەسەریی پرسی سووریا پڕۆژەیەكیان ئامادە كردووە و پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكانی دەكات.

محەمەدجەواد زەریف لە نوێترین لێدوانیدا لەم بارەوە ئاشكرای كردووە ئێمە پڕۆژەیەك بۆ چارەسەریی پرسی ناوخۆیی سووریا دەدەینە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام هیچ وردەكارییەك لەبارەی ناوەڕۆك و خاڵەكانی ئەو پڕۆەژیە ناخەینە ڕوو.

هاوكات “ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان” جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقا، دوێنێ‌ چوارشەممە لەگەڵ “میخائیل بۆگدانۆف” هاوتا رووسییەكەی خۆی لە تاران دیدار و چاوپێكەوتنی كرد و گوتی: “تاران پاش راوێژی زۆر لەگەڵ دیمەشق ئەم پڕۆژەیە دەداتە نەتەوە یەكگرتووەكان.”

حكومەتی ئێران بە سەرەكیترین هاوپەیمانی حكوومەتی بەشار ئەسەد دێتە ئەژمار. وڵاتێك كە رۆژئاوا و بەشێكی زۆر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژایەتیی دەكەن و هاوكات رووسیاش یەكێكی دیكە لە پاڵپشتەكانی سووریایە و لەم رۆژانەدا كە وەلید موعەلیم لە تاران بەسەر دەبات، رووسیاش هەوڵەكانی خۆی خستووەتە گەڕ.

بەپێی زانیارییەكانی وەزراەتی دەرەوەی ئێرا ئەو پڕۆژەیەی كە پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكانی دەكەن، پڕۆژەیەكی چوار مادەییە و بە گوتەی “حەمیدڕەزا دێهقانی” سەرۆكی دایرەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران :”ئەم پڕۆەیە لە راگەیەنەكانەوە بڵاو نابێتەوە، چونكە هۆكاری شكستهێنانی پڕۆژەكان، بڵاوكردنەوەیان بووە لە راگەیەنەكان پێش ئەوەی لایەنەكان لەسەری رێك بكەون.”

هاوكات عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانیش لەگەڵ وەلید موعەلیم دیدار و چاوپێكەوتنی كردووە و پێداگریی لەسەر هاوكاریی ئێران لە حكوومەتی بەشار ئەسەد كردووەتەوە.

شەڕی ناوخۆیی سووریا كە نزیك بە 5 ساڵە دەستی پێكردووە هەتا ئێستە 250 هەزار قوربانیی لێكەوتووەتەوە. ئەم شەڕە ناوخۆییە لەسەر بنەمای ناڕەزایەتیی بەربڵاوی ئاشتیخوازانەی خەڵك لەدژی حكوومەتی بەشار ئەسەد دەستی پێكرد كە خوازیاری گۆڕانكاری لە سیستمی حكوومەتدا بوون كە لەلایەن دەزگا ئەمنی و بەتایبەت سوپای ئەو وڵاتەوە بە توندی سەركوت كرا.













باسنيوز
Top