تورکیا و ئەمریکا رێککەوتن لەسەر ناوچەی ئارام بەبێ پەیەدە

 تورکیا و ئەمریکا رێککەوتن لەسەر ناوچەی ئارام بەبێ پەیەدە
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی رایگەیاند:" ئەنقەرە و واشنتن گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنوورەکانی تورکیا و سووریا، کە خاڵی بێ لە داعش و پەیەدە".

بەپێی پلانەکە ئەو ناوچە ئارامە لە نزیک سنووری تورکیا دروستدەکرێت و ئاوارەکان دەبرێنەوە ئەوێ، بەڕێوەبردنیشی لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سووری-یەوە دەبێ.

بەرپرسێکی تورکیا بە رۆژنامەکەی گوتووە" بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین پەیەدە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر داعش بقۆزێتەوە بۆ خۆی".

بەپێی رێککەوتنی ئەنقەرە و واشنتن کە ئێستا بەشێکی کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی تورکیا بەکار دەهێنێت بۆ هێرشەکانی لە دژی داعش ، لەوانە بنکەی ئاسمانی ئینجەرلیک، هەروەها ئەمریکا ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سووریا دەپارێزێ لە مەترسیەکانی داعش و ئەسەد.

هەروەها بەرپرسانی ئەمریکیش بەڵێنیان بە تورکیا داوە کە" بۆ ئەو ناوچە ئارامە کە بڕیارە دروستبکرێ پشت بە یەپەگە نابەستن، بەڵام شتێک دەهێڵینەوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ یەپەگە".

بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە تورکیا زۆر پێی ناخۆش نییە کە یەپەگە لە سنوورەکانی بێ چونکە رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسەکەی تورکیاوە رایگەیاندووە" ئەوان یەپەگەیان پێی واقعیترە لە پەکەکە و هیوادارن هێڵی سوور نەبەزێنن، چونکە بینیان کە پەکەکە هێڵی سووری بەزاند و چی بەسەر هات".

پیشتریش داود ئۆغڵو سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری تورکیا لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە" رێککەوتنی واشنتن و ئەنقەرە گۆڕانکاری داینامیکی لە ناوچەکەدا دروستدەکات".

هەرێمی ئارام دەکەوێتە سنووری نێوان تورکیا- سووریا و لەنێوان مارع - جەرابلوس بە قوڵایی 90 کم دەبێت، ئەو 90 کیلۆمەترە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە چاودێری دەکرێت، لە کاتی پێویستیشدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەتوانن ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی تێدا ئەنجام بدەن.

بنکەی ئەنجەرلیکیش بۆ چاودێری تەکنیکی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان کراوە دەبێت و تیمێکی سەربازی 40-50 کەسی دەچنە ئەنجەرلیک.

هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بنکەی ئەنجەرلیکەوە چاودێری سووریا دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی کە تورکیا لە ساڵی 2011ـەوە رێگای بە ئەمریکا داوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بنکەی ئەنجەرلیکەوە بۆ چاودێری ئەمنی لە سووریا بەکاربهێنێ و لەوکاتەوە 4 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان براونەتە ئەو بنکەیە، لە مانگی ئاداری 2011ـش یەکێک لە فڕۆکەکان لە لازقییە کەوتەخوارەوە.











رووداو
Top