ھێزەکانی دژە حۆسی دەستیان بە سەر گەورەترین بنکەی سەربازی یەمەن گرتەوە
ئەو ھێزانەی کە دژ بە حوسییەکانی یەمەن شەڕ دەکەن، رایانگەیاندووە کە توانیویانە دەست بەسەر گەورەترین بنکەی سەربازی یەمەن بگرنەوە. لە راگەیاندراوێکدا لە لایەن حکومەتی دوورخراوەی ئەو وڵاتە کە رۆژی دووشەممە بڵاو کرایەوە، راگەیەندراوە کە بنکەی سەربازی ئەلئەناد لە پارێزگای لاھێج لە باشووری یەمەن کۆنترۆڵ کراوەتەوە.
بە گوێری ھەواڵی ماڵپەڕی ئەلجەزیرە، لەو راگەیاندراوەدا ئاماژە دراوە: "لە رێگای یارمەتی و پاڵپشتی ھاوپەیمانانی عەرەبی، ئەو دەستکەوتە ھاتووتە ئاراوە".
لە دەستدانی ئەو بنکە سەربازییە وەکو زیانێکی گەورە بۆ حوسییەکانی یەمەن دێتە ھەژمار کە توانیبوویان دەست بە سەر بەشێکی زۆر لەو وڵاتە بگرن، بەڵام لەم ماوەیەی رابردوو کۆنترۆڵی شاری ئەدەنیان لە دەست داوە.
بە پێی راپۆرتی ئەلجەزیرە، تەنیا ھەندێک شوێنی دەوروبەری بنکەی ئەلئەناد لە کۆنترۆڵی ھێزەکانی حۆسییە، بەلام ھێزەکانی دژە حۆسی ژمارەیەکی بەرچاو لە چەک و تەقەمەنی و تانکیان ئامادە کردووە بە مەبەستی کۆنرۆڵکردنی ئەو شوێنانەی لە دەستی ھێزەکانی حۆسییە.
