تورکیا لەبارەی بۆردوومانکردنی زارگەلی روونكردنەوە دەدات
لە روونكردنەوەكەدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت " بەبیستنی کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی دڵگرانین و هەوڵدەدەین لە ئۆپەراسیۆنەکانماندا خەڵکی مەدەنی زیانیان پێنەگات".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختدەكاتەوە، كە لەسەر ئەو رووداوە بەهاوکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی كوردستان لێکۆڵینەوە دەکەن، لە نزیکرترین کاتیشدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرادەکەن.
وێڕای جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی پەکەکە خەڵکی مەدەنی دەکاتە قەڵخان بۆ خۆی، لە روونكردنەوەكەدا ئەوەش هاتووە "بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانمان ئەو شوێنەی بۆردوومانكراوە خەڵکی مەدەنی لێنەبووە و تەنها ژمارەیەك پلەبەرزی پەکەکەی لێبووە".
سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 1-8-2015، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوندی زارگەلی سەر بە ناحیەی وەرتێی قەزای رواندزیان بۆردوومانكرد. بەهۆی بۆردوومانەكەشەوە 8 هاونیشتمانی و دوو گەریلای پەكەكە شەهیدبوون، 11 كەسی دیكەش برینداربوون.
گوندیی زارگەلی دەكەوێتە بناری قەندیل و لەژێر دەسەڵاتی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK دایە، بەگوتەی پەیامنێری رووداو، بارەگایەکی پەکەکە نزیکەی 400 مەتر لە گوندی زارگەلییەوە دوورە، بەڵام هیچ بنكەیەكی پەكەكە لەنێو گوندەكەدا نییە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاش بارەگاكەی پەكەكەیان نەكردووەتە ئامانج.
رووداو
