حەسەن نەسروڵڵا: گومانی تێدا نییە تورکیا هاوکاری داعشی کردوە

 حەسەن نەسروڵڵا: گومانی تێدا نییە تورکیا هاوکاری داعشی کردوە
سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنانی رایدەگەیەنێت:" تورکیا بۆ ئەوەی ئازاری داعش نەدات، هەریەکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان و بەرەی رزگاریخوازی گەلی شۆڕشگێڕDHKP-Cیشی خستوەتە نێو ئۆپەراسیۆنەکانییەوە".

حەسەن نەسروڵڵا، جەختلەوە دەکاتەوە و دەڵێ: "هیچ گومانی تێدا نییە تورکیا هاوکاری داعشی کردوە، بەرگری لێکردوە و چاودێری کردوە، پشتیوانی دارایی کردوە، هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کردوە، سنوورەکانی بۆ کردوونەتەوە، بەڵام ئێستا سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەڵێ داعش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا".

نەسڕوڵڵا وەک تەنزێک لە وەڵامی ئەو گوتەیەی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەڵێ: "بەیانت باش تورکیا، خەوی خێرت بێ".

ئەو گوتارەی نەسڕوڵڵا لە کەناڵی سەر بە حیزبوڵڵادا پەخشکرا و تێیدا گوتی: "تورکیا، ئەمریکا و سعودییە و هەر وڵاتێکی دیکە ئەگەر پێیوابێ دەتوانن ئەو رێکخراوانە (کە ئاماژە بۆ داعش دەکات) لەژێر کۆنترۆڵی خۆتاندا بهێڵنەوە لە خەیاڵدا دەژین".

لە هەفتەی رابردوودا و دوای هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر قەرەقۆڵێکی هێزەکانی تورکیا و وەڵامدانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە، سیاسەتی ئەنقەرە بەرامبەر بە چەکدارانی داعش بۆ هێرشی راستەوخۆی سەربازی گۆڕدرا و لە نێو خاکی سووریادا فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بنکە و بارەگاکانی داعشیان بۆردوومانکرد.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی 24-7-2015 رایگەیاند:" تورکیا هەموو بنکە سەربازییە ئاسمانییەکانی دەخاتە خزمەت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لێدانی داعش، لەسەروی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شەوی هەینی 25-7-2015 بۆ یەکەمجار لەدوای پرۆسەی ئاشتی هێرشیانکردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان کە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی زۆری لێکەوتەوە.









رووداو
Top