بەشار ئەسەد فەرمانی لێبوردنی گشتی بۆ ئەو کەسانە دەرکرد کە سوپایان جێهێشتووە
ئەسەد جەختی کردەوە ئەم بڕیارە هەموو سزا یاساییانە لەسەر راکردووەکانی سوپای سووریا لادەدات، ئەمەش هەم ئەوانە دەگرێتەوە کە لە ناوەوەی سووریان و هەمیش ئەوانەی لە وڵاتانی دەرەوەن.
لێدوانەکەی بەشار ئەسەد لە کاتێکدایە کە تورکیا رێگەی بە هاوپەیمانێتی دژی داعش دەدات بنکەی ئاسمانی ئەنجرلیک بەکاربهێنێت بۆ لێدانی داعش لە ناو سووریا.
تورکیا ماوەیەکی زۆرە داوای ئەوە دەکات ناوچەی ئارام لە سووریا دیاری بکرێت، بەڵام ئەمریکا دژی ئەم بۆچوونەبووە.
سووریا خاوەنی یەکێک لە گەورەترین سوپاکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام گوماندەکرێت چوار ساڵ جەنگی قورس لە چەندین بەرەی جیاواز توانای سەربازی ئەم وڵاتەی بەڕادەیەکی زۆر دابەزاندبێت، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجەکانی سووریا روویان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە بۆ ئەوەی لە یاسای خزمەتی سەربازی ناچاری رزگاریان بێت. ئەمەش وایکردووە سووریا وەکوو جاران نەتوانێت هێزی نوێ بهێنێتە ناو ریزەکانی سوپاوە.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا سوپای سووریا ناچاربووە بەشێکی گەورە لە پارێزگای ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا بکشێتەوە و رادەستی هاوپەیمانی هێزە ئیسلامییەکانی کرد، هەروەها لە ناوەڕاستی سووریاش ناچارکرا لە شاری تەدمور بکشێتەوە و ئەم شارە بۆ چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش جێبهێڵێت.
هەندێک لە دیپلۆمات و شارەزایانی کاروباری سەربازی پێیانوایە سوپای سووریا تەرکیزی خستووەتە سەر پاراستنی ناوچە ستراتیژییەکانی وەکوو دیمەشق، حومس و هەروەها ناوچە کەنارییەکان کە عەلەوییەکان تێیدا نیشتەجێن.
لە کاتێکدا کۆتایی جەنگی سووریا دیار نییە، سوپای سووریاش تووشی قەیرانی کەمی سەرچاوەی مرۆیی دەبێتەوە، هەر بۆیەش لەم چەند مانگەی دواییدا بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە میلیشیا لایەنگرەکانی خۆی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بەستووە و لە بەرامبەریشدا بڕێکی بەرچاو پارەیان پێدەدات.
لە لایەکی دیکەوە گرووپی حیزبوڵڵا، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە شەڕ و پێکدادانەکانی قەلەمون و زەبەدانی، کە دەکەونە سەر ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و لوبنان.
رووداو
