پەرلەمانی یۆنان پاکێجێکی نوێی ریفۆرمی دارایی پەسەندکرد
ئەم پاکجە کە کۆمەڵێک هەنگاوی ریفۆرم لەخۆدەگرێت لە بوارەکانی سیستەمی بانکیی و دادوەرییدا، بە 230 دەنگی بەڵێ، بەرابمەر بە 63 دەنگی نەخێر پەسەندکرا.
پانایۆتیس لافازانیس، پەرلەمانتاری پارتی سیریزا گەشبینە بەو پاکێجە و دەڵێ: "هەموو شتێک بەباشی رۆیشت، پارتی سیریزا بە فرەڕەنگییەوە یەکگرتووە، هەتا ئێستا وا بووە و لە ئایندەشدا هەر وا دەبێت".
بەڵام هەموو کەسێک وەک ئەم پەرلەمانتارە بیری نەدەکردەوە، لەبەر ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارتی سیریزای دەسەڵاتدار دەنگی نەخێریان دابوو بۆ پاکێجەکە.
ئۆلگا گێرۆڤاسیلی، کە گوتەبێژی حکومەتی یۆنانە باس لە بەشبوونی پارتی سیریزا دەکات و دەڵێ: "کەرتبوونی فراکسیۆنی پارتی سیریزا لەنێو پەرلەمان بەڕوونی دیارە، لە ئێستا بەدواوە رێوشوێنی نێوخۆیی پارتەکە دەگرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە".
دوای ئەم هەنگاوە یۆنان دەتوانێت دەست بە دانووستاندن بکات لەگەڵ وڵاتانی قەرزبەخش بۆ وەرگرتنی قەرز بەبڕی 85 ملیار یۆرۆ کە دەکاتە نزیکەی 93 ملیار دۆلار، بەڵام ئەگەر یۆنان ئەم قەرزەی دەستنەکەوێت، رووبەڕووی داڕمانی ئابووری دەبێتەوە و ئەگەری هەیە لە یۆرۆزۆنیش دەربکرێت، ئەم مەتریسییەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە پارتە بەرهەڵستکارەکانیش دەنگ بە پاکجەکە بدەن.
رووداو
