دانوستانە ناوکییەکەی ئێران بۆ جارێکی دیکە درێژ کرایەوە
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە جیهانییەکانی بڕیار بوو کە رۆژی سێشەممە دوایین رۆژی دانیشتنەکان لە وڵاتی نەمسا بێت، کەچی وەزیرانی دەروەی وڵاتانی پینج کۆ یەک لەناکاو شۆێنی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشتووە.
ئەو وەزیرانە باسیان لەوە کردووە کە ئەگەر پێویست بکات ئەوە دەگەڕینەوە هۆڵی کۆبوونەوەکان و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەمەریکا هەر لە ڤییەنا ماونەتەوە.
دەگوترێت دانوستانەکان هەتا ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم حەفتەیە درێژ کراونەتەوە و کێشەی سەرەکیی نیوان دانوستانکارانیش لەسەر شێوازی سەردانی کردنی پشکێنەران بۆ بنکە ناوکییەکانی ئێرانە.
وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەڵێن دەبێ پشکێنەران بەبێ مۆلەت وەرگرتن لە ئێران و لەناکاو سەردانی بنکە ئەتۆمییەکان بکەن و ئێرانیش ئەوە رەت دەکاتەوە و باوەڕی وایە کە دەبێ ئەو سەردانە بە بەرنامە بێت.
لەلایەکی دیکەوە کارناسان لەو باوەڕە دان، ئێران 3 هەزار كیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێنراوی بە چڕی 3% لەبەردەست دایە دایە و وڵاتانی رۆژئاوا لەوە نیگەرانن كە ئێرانە لەوانەیە بڕی ئەو پیتاندنە بگەیەنێتە 9% و ئەم كارەش لەوانەیە بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی بەكار ببرێت.
لەلایەکی دیکەوە جۆن کێری لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، وڵاتانی پێنج کۆ یەک و ئێران کێشەی زۆریان لەسەر رێگەیە و هەتا ئیستەش لەسەر زۆر پرسی گرنگ کێشەیان هەیە.
وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئەمەریکا جەختی لەوەش کردبوویەوە ئەگەری ئەوە هەیە ڕێڕەوی دانوستانەکان بگوڕدرێن و بە لایەکی زۆر خراپدا بکشرێت.
باسنیوز
