بەریتانیا ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە سووریا و عێراق ئەنجامدەدات
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی بەریتانیا دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لەسەر بەریتانیا دروستبوون، بە تایبەت لەدوای کوژرانی 30 کەسی خەڵکی بەریتانیا لە هێرشەکەی شاری گەشتیاری سوسەی تونس لە هەفتەی رابردوودا، چەند جارێک لەگەڵ سەرکردەکانی حکومەت و بەرپرسانی هەواڵگری وڵاتەکەیدا کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.
سەرچاوە میدییایە بەریتانییەکان باس لەوە دەکەن" کامیرۆن لەو کۆبوونەوانەدا گڵۆپی سەوزی بۆ هێزی تایبەتی بەریتانی هەڵکردووە کە بە ساس ناودەبرێت بۆ ئەوەی بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی تایبەتی زەمینیدا بکەن لە سووریا و عێراق، ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنانەش بە ئامانجکردنی سەرکردە دیارەکانی داعشە".
چاوەڕیش دەکرێت تیمێکی 100 کەسی لە هێزی نوخبەی بەریتانیا سەر بە هێزی تایبەت لە جەنگی نهێنی بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە تایبەتە ئەمریکییەکاندا، لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشداریی بکەن.
هەفتەی رابردوو دەیڤید کامیرۆن لەدوای رووداوەکەی تونس و کوژرانی ئەو ژمارە لە هاووڵاتیانی بەریتانیا رایگەیاند: "بەریتانیا وەڵامێکی تووند و فراوانی بۆ تووندڕەوکان دەبێت".
بەگوێرەی زانیارییەکان، نوسینگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی وەک MI6 و GCSQ هەروەها هێزی دەریایی تایبەت و هێزی ئاسمانی، هاوکاریی ئەو هێزە تایبەتەی بەریتانیا دەکەن کە چاوەڕێدەکرێت، بەهاوکاری ئەو لایەنانەی دیکە لەکاتی دیاریکراودا بچنە ناو خاکی عێراق و سووریا و هەڵمەتی نهێنی دژ بە داعش ئەنجام بدەن.
ئەو ئۆپەراسیۆنانەی بەریتانیا دەیەوێت ئەنجامی بدات، هاوشێوەی ئەو جۆرە هەڵمەتانەن کە پێش مانگێک هێزێکی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا ئەنجامیدا و یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی داعش بەناوی ئەبو سەیاف کوژرا، کە بە بەرپرسی یەکەمی بازرگانی داعش دادەنرا.
رووداو
