وڵاتێك لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش كشایەوە

 وڵاتێك لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش كشایەوە
ماوەی بەشداریكردنی بەلجیكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق کۆتاییهات، بەلجیكا بە 6 فڕۆكەی جەنگی جۆری (F16) بەشداریكردبوو.

لەبەر چەند هۆكارێك كە پەیوەندی بە بواری ئابوورییەوە هەیە لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی بەلجیكا، چارلز میشێل، سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە ماوەی بەشداریكردنی وڵاتەكەی لە شەڕی دژی داعش لە عێراق درێژنەكردەوە، كە لە ئەیلوولی ساڵی رابردوو دەستیپێكرد و رۆژی پێنجشەممە 2/7/2015 هەر 6 فڕۆكەكەی كشاندنەوە.

فڕۆكە جەنگییەكانی بەلجیكا لە فڕۆكەخانەی ئوردن جێگیركرابوون، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئەو وڵاتەش پەخشیكردوون، دوێنێ‌ پێنجشەممە گەییشتوونەتەوە بنكەی ئاسمانی فلۆرین لە بەلجیكا.

بەپێی ئەو ژمارانەی لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی رابردوودا ئاژانسی دەنگوباسی بەلجیكا بڵاویكردوونەتەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی بەلجیكا 141 هێرشیان دژی چەكدارانی داعش لە عێراق ئەنجامداون، بەپێی ئەو زانیاریانەی وەزارەتی بەرگرییش بڵاویكردونەتەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی بەلجیكا تۆپخانەو بنكەكانی سەركردایەتی سەربازی چەكدارانی داعش و كارگەكانی بەرهەمهێنانی بۆمبیان كردووەتە ئامانج.

بۆ بەشداریكردن لە شەڕی دژی داعش و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەركردایەتی دەكات، لە 24 ئەیلوولی 2014 حكومەتی بەلجیكا 6 فڕۆكەی جۆری (F16) ی لە فڕۆكەخانەی سەربازی وڵاتی ئوردن جێگیركردن، سەرەڕای 120 كەسی سەر بە تیمی هێزی ئاسمانی، 7 فڕۆكەوان، 60 تەكنیككار، 30 سەرباز، 20 ئەفسەر و 2 پزیشك.

دەزگاكانی راگەیاندنی بەلجیكا رایانگەیاندبوو، بەشداریكردنی بەلجیكا لە شەڕی دژی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ساڵانە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت.










رووداو
Top