بەریتانیا دەیەوێت داعش لە سووریا بۆردوومان بکات
بەپێی زانیاری میدیاکانی بەریتانیا بڕیارە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی بەریتانیا کە رۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت، مایکڵ فالۆن، وەزیری بەرگری بەریتانیا داوا لە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی بکات پرۆژەیاسایەک پەسەند بکەن، کە بەهۆیەوە رێگە بە فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیا دەدرێت داعش لە سووریا بۆردوومان بکەن.
بەریتانیا بە ئەندامێکی چالاکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دادەنرێت و لەمانگی ئەیلوولی رابردووەوە فڕۆکەکانی داعش لە عێراق بۆردوومان دەکەن، بەڵام بەپێی زانیاری میدیاکانی شانشینی یەکگرتوو، فاڵۆن رایگەیاندووە: "دەبێت پەرلەمان مۆڵەتی ئەوەمان پێبدات لە سووریاش داعش بۆردوومان بکەین".
لەو دانیشتنەی رۆژی هەینی پەرلەمانی بەریتانیا، خوێندنەوە و گفتوگۆ بۆ پرۆژەیاساکە دەکرێت و حکومەت دەیەوێت مۆڵەتەکە لە پەرلەمان وەربگرێت.
بەریتانیا دوای هێرشەکەی رۆژی هەینی رابردوو لە تونس ئامادەکاری زیاتر دەکات بۆ شەڕی توندئاژۆکان، چونکە لە کۆی 38 کوژراوی هێرشەکەی سوسە کە لەلایەن کەسێکی توندئاژۆوە ئەنجامدرا و داعش رایگەیاند چەکداری سەر بە رێکخراوەکەیە، 29یان کوژراوە بەریتانی بوون.
دوو رۆژ لەمەوبەر دەیڤید کامیرۆن ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند: " داعش دەیەوێت هێرش بکاتە سەر چەندین ناوچە لە بەریتانیا".
رووداو
