تورکیا دەستی بە جموجوڵی سەربازی لەسەر سنووری سوریا کرد

تورکیا دەستی بە جموجوڵی سەربازی لەسەر سنووری سوریا کرد
دوای ئەوەی دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا کۆبوونەوەیەکی چوار کاتژمێری ئەنجامدا، سوپای تورکیا لەسەر سنووری سوریا دەستی بە جموجوڵ کرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئەنادۆڵی سەر بە حکومەتی تورکیا کەوتووە فەرماندەی له‌شكری پێنجی زرێپۆشی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لەسەر سنووری تورکیا- سوریا دەستی بە جموجوڵی سەربازی کردووە و بۆ ئەو مەبەستە 32 تانک و چەندین ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بەرەو ناوچەی ئێلبەیلی سەر بە کیلیس جوڵاندووە کە دەکەوێتە بەرانبەر دەروازەی سنووری عەزاز کە لەئێستادا بەپێی میدیاکانی تورکیا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆنترۆڵکراوە.

ئەم هەنگاوەی حکومەتی تورکیا دوای ئەوە دێت دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبوونەوەیەکی چوار کاتژمێری ئەنجامدراو لە بڵاوکراوەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردبوو " ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی کە خەڵکی سیڤیلی تێدا کراوەتە ئامانج و لەڕێگەیەوە هەوڵی گۆڕانکاری دێمۆگرافیک دەدرێت بووەتە مایەی نیگەرانیمان."

هەر ئەمڕۆش رۆژنامەکانی سەباح و یەنی شەفەقی سەر بە حکومەتی تورکیا باسیان لە ئامادەکارییەکانی سوپای تورکیا بۆ چوونە ناو خاکی سوریا کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی تورکیادا بڵاوکراوەتە هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەحمەد داودئۆغلۆ داوایان لە سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا کردووە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناو خاکی سوریادا ئەنجامبدەن، بەڵام نەجدەت ئۆزالی سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا لە هەنگاونانێکی لەم شێوەیە دوودڵە.

لەلای خۆشییەوە موراد قەرەیڵانی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پارتی‌ كرێكارانی‌ توركیا رایگەیاندبوو لەکاتی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان تورکیا دەکەن بە مەیدانی جەنگ.

لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی چوونە ناو خاکی سوریا لەلایەن سوپای تورکیاوە بڕیارە 18 هەزار سەربازی تورکیا بەشداری بکات و بە پانتایی 30-40 کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی سوریاوە و هەروەها بە درێژایی 100 کیلۆمەتر ناوچەیەکی ئارام دروستبکەن.





















خەندان
Top